گەرمیان.. بەهۆی كۆمپانیایەكی تایبەتەوە پزیشكێك راوەدوودەنرێت

:: PM:11:26:11/06/2019 ‌

ئەگەرچی ساڵانێكە شارۆكەی كەلار و دەڤەری گەرمیان كێشەی پزیشكی نەشتەرگەری گشتیان هەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكان پزیشكێكی نەشتەرگەری بە ئەزموون لە دەڤەرەكە بەهۆی كۆمپانیایەكی تایبەتی تەندروستیییەوە راوەدوودەنرێت و هەراسان دەكرێت.

سەعید محەمەد وەك شایەتحاڵ و كەسوكاریی نەخۆشێك بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، دكتۆر ئارام عەبدوڵا پزیشكی نۆژدار سەرەڕای كاری رۆژانەی، بە بەردەوام و بێبەرامبەر چەندین نەشتەرگەری بۆ نەخۆشان لە شارۆكەی كەلار كردووە و ئاوڕی لە هەژاران داوەتەوە.

زیاتر گوتی، ئەو پزیشكە لە كفریش هەمان كاری ئەنجام دەدا، چونكە دەیویست لەوێ نەشتەرگەری خەڵكی هەژار بكات و رێگە نەبڕن بۆ كەلار. بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی نەخۆشخانەی گشتی كەلار كە بە "وشە" دراوە، ماوەیەك لەمەوبەر نەخۆشێك كە نەخۆشییەی زۆر قوڕسی هەبووە، لەكاتی نەشتەرگەریدا لەژێر دەستی ئەم پزیشكە گیان لە دەست دەدات و پزیشكەكە دەگیرێت.

دكتۆر ئارام عەبدوڵا ئەمڕۆ سێشەم بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، 15 رۆژ پێش ئێستە دەستبەسەر كرام و نۆ رۆژ بە ناهەق زیندانی كرام، لەكاتێكدا 140 كیلۆمەتر رێگەم بڕیوە و لە سلێمانییەوە هاتووم بۆ گەرمیان بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ناوچەكە.

زیاتر گوتی، كێشەم لەگەڵ خەڵكدا نییە، بەڵام زیندانیكردنی پزیشك دەبێتە هۆكاری رووخانی، بۆ زانیاری لێكۆڵێنەوە لەسەر هۆكاری گیانلەدەستدانی نەخۆشەكە لە سلێمانی و لە كەلار كراوە و دەركەوت بە جەڵتە مردووە نەوەك من هۆكاری كوشتنی بووبووم، ئەو پزیشكە نەیشاردەوە كە ماڵی قوربانییەكە لەلایەن كەسانێكەوە هاندرابوون.

ئەو گوتانەی پزیشكەكە كە ناوچەكە بەجێدیڵێت لەكاتێكدایە كۆمپانیایەكی تایبەتی تەندروستی لە ناوچەكە بەناوی "قەیوان" لەدەست بەكاربووندایە كە تایبەتە بە بەپرسانی ناوچەكە، ئەو پزیشكە دەڵێت، ئەو كۆمپانیایە داوای مانەوەی لێ كردووە كە لەگەڵیاندا كار بكات، بەڵام ئەو لە ناوچەكە نامێنێتەوە.

هاووڵاتییانی گەرمیان دووپات لەوە دەكەنەوە كە رفاندنی ئەو پزیشكە هاوكاتە لەگەڵ هێنانی كۆمپانیای سەر بە بەرپرسان بۆ وەرگرتنی سەرانە لە دووكاندارەكان بە ناوی سكوێریتییەوە، بۆیە ستەمی و مافیاگەری لەو دەڤەرە گەیشتووەتە ترووپك و خەڵك چیتر بەرگەی ناگرێت.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل