لە مانگی ئایاری ئەمساڵ زیاتر لە هەزار و 600 تەنكەری گواستەوەی سووتەمەنی جیاوازی گاز و بەنزین لە ئێرانەوە هێنراونەتە ناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی هەرێم و بەهۆی خراپیی كوالێتی و دەر نەچوون لە پشكنین زیاتر لە 30 تەنكەر رێگەی پێ نەدراوە هاوردەی خاكی هەرێم بكرێن.
لەوبارەوە محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە"وشە"ی راگەیاند، بەپێی ئاماری تاقیگەی پشكنینی سووتەمەنی باشماخ كە سەر بە بەڕێوبەرایەتییەكەمانە، مانگی ئایاری ئەمساڵ هەزار و 65 تەنكەری بەنزین لە ئێرانەوە هێنراونەتە ناو مەرزی باشماخ كە هەزار و 53 تەنكەریان گونجاو بوون و (12)یان نەگونجاو بوون.
زیاتر گوتی، هاوكات 581 تەنكەری گاز كە 559 یان گونجاو بوون رێگەی چوونە ناو هەرێمیان پێ دراوە و 22 تەنكەریشیان بەهۆی نەگونجاویەوە رەوانەی ئێران كراونەتەوە. روونی كردەوە، هەر لەو مانگەدا 34 ژمارەی نموونەی پشكنراوی بەنزین نموونەیان بۆ پشكنین لێ وەرگیراوە، 21 یان گونجاوبوون و 13 یان نەگونجاو بوون و لە پشكنین دەرنەچوون، جگە لەوەش حەوت تەنكەری گاز، نموونەیان بۆ پشكنین لێ وەرگیراوە و لەو رێژەیەش سیانیان گونجاو بوون و چواریشیان نەگونجاو.
ئەو بەرپرسە روونی كردەوە، لە كۆی 41 نموونەی پشكنراوی تەنكەرەكان، 24 یان نموونەیان لە پشكنین دەرچوون و ئەوانی تر دەرنەچوون.
شایەنی باسە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانی لێ ئەنجامدەدرێت.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی