سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی خۆی ده‌دزێته‌وه‌
هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ رێككەوتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیگه‌رانن

:: PM:06:22:09/01/2017 ‌
ژمارەیەك له‌ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەك بڵاو دەكەنه‌وه‌ و تیایدا داوای یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چارەنووسی رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەكەیان و یەكێتی دەكەن.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان بڵاویان كردۆته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كیان بۆ "وشە" ناردوه‌، تیایدا هاتووە،  لە رۆژی 17-5-2016، رێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان-یەكێتی واژۆ كرا، نزیكەی 8 مانگ بە سەر واژۆ كردنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ تێپەڕ دەبێت، بە هۆی خۆدزینەوەی بەشێك لە سەركردایەتی‌ و بڕیار بە دەستانی یەكێتیەوە،‌ یەك خاڵیشی لێ جێبەجێ نەكراوە لە بەرامبەردا رۆژ لەدوای رۆژ دۆخی دارایی و پرۆسەی حكوومڕانی بەرەو خراپتر دەچێت.
 
لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی لە بەغدا لە گەڵ چارەسەری كێشەی مووچەن، بەڵام لە هەولێر دژن، لە بەغدا دژی تاڵانی نەوتن بەڵام لە هەولێر لە گەڵن. لە زۆربەی هەڵوێست و پرسەكاندا بە تەواوی دژ بە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ گۆڕان هەڵسوكەوت دەكەن.

ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان رەخنەی تر لە یەكێتی دەگرن و دەڵێن، سەركردایەتی یەكێتی پابەند نەبووە بە تەواوكردنی ئەو رێككەوتنەی كە ‌بۆ دەستاودەست كردنی دەسەڵات لە حكوومەتە خۆجێیەكاندا، لە نێوانمان دا ئەنجام درا. 

لەهەمان بەیاننامەدا هاتووە، خەریكە ئەو هەستە لای رای گشتی دروست دەبێت، كە گۆڕان لە ئاست خواستەكانی خەڵك بێ هەڵوێستە و بوەتە‌ قەڵغان بۆ پەردە پۆشكردنی كارە خراپەكانی گروپە بەرژەوەندی خوازەكانی ناو یەكێتی، كە ئەمەش لە شەقامدا وەك‌ فرویدانی گۆڕان وەسف دەكرێت. 

بەیاننامەكە بەناوی ژمارەیەك هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان نێردراوە لە كۆتایدا نوسراوە، ئیدی هیچ پاساوێك بۆ بێدەنگی نەماوە‌ و كاتی ئەوە هاتووە لە نزیكترین كاتدا سەركردایەتی یەكێتی بە فەرمی و ئاشكرا ئاگادار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئامادەن رێككەتنەكە جێبەجێ بكەن یان نا؟ ئەگەر ئامادەن ئەوا بفەرموون لە سبەینێوە هەنگاوی كرداری بندرێت، خۆ ئەگەر پەشیمانن، با خۆیان هۆكارەكانی بۆ رای گشتی رون بكەنەوە و كۆتایی بە رێككەوتنەكە‌ بهێنن.

بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشتر رێككەوتنێكی سیاسیان لەنێو خۆدا ئیمزا كرد و رایانگەیاند، ئیتر لەسەر پرسە سیاسیەكان هاوهەڵوێست دەبن، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستە وەك ئەوەی لەبەیاننامەكەشدا هاتووە، هیچ خاڵێكی رێككەوتنەكە لەنێوان ئەو دوو حزبە جێبەجێ‌ نەكراوە .


وشە - سه‌رخێڵ هاشم