ترەمپ: كیم جونگ نامەیەكی جوانی بۆ ناردووم

:: AM:10:40:12/06/2019 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، كیم جونگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور نامەیەكی زۆر جوانی بۆ ناردووە.

بەگوتەی سەرۆكی ئەمەریكا، كیم جونگ لە نامەكەیدا نووسیویەتی لەسەر بەڵێنەكانی خۆی دەمێنێتەوە. وەك  ترەمپ باسی دەكات پێوەندییەكی زۆر گەرموگوڕی لەگەڵ كیم جونگدا هەیە و بە تەمایە كۆبوونەوەی سێیەمیشی لەگەڵدا رێك بخات كە كۆبوونەوەیەكی گرنگ و چارەنووسساز دەبێت.

پێویستە بگوترێت تا ئێستە سەرۆكی ئەمەریكا دوو جار لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور كۆ بووەتەوە، بەڵام ئەم دوو دانیشتنە دەرەنجامێكی زۆر كاریگەریان نەبووە و چەند جارێك كۆریای باكور ئەمەریكای بەوە تۆمەتبار كردووە كە بێ لابردنی سزاكان دەیەوێت كۆمەڵێك مەرجی بەسەردا بسەپێنێت.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" ئەوان بۆ یەكەم جار ساڵی رابردوو لە سەنگافوورە یەكتریان بینی و كۆبوونەوەكەش بە كۆبوونەوەیەكی مێژوویی هەژمار كرا. ئەمساڵیش لە مانگی شوبات لە ڤێتنام كۆبوونەوەیەكی تریان گرێ دا.

كۆریای باكور بەهۆی درێژەدان بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی و تاقیكردنەوە یەك لە دوای یەكەكانی ئەم چەكە مەترسیدارە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابڕاوە.



وشە - سلێمان تاشان