له راپۆرتێكدا ئاژانسى فڕانس پرێس ئاشكراى ده‌كات، دوو له سێى خه‌ڵكى فڕه‌نسا له دژى وه‌رگرتنه‌وه‌ى منداڵانى داعشن و خێزانى ئه‌م منداڵانه‌یش ناڕه‌زایى ده‌رده‌بڕن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 12 حوزه‌یران ئاژانسى
فرانس پرێس له راپۆرتێكدا باس له‌و منداڵانه ده‌كات كه تا ئێسته له سووریا ماونه‌ته‌وه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوكیان سه‌ر به رێكخراوى تیرۆریستى داعش بوون.
له راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه ئاشكرا كراوه فڕه‌نسا نزیكه‌ى 100 ژن و 200 منداڵى له كه‌مپه‌كانى سووریا‌ن. له مانگى ئادارى رابردوو پێنج منداڵى له هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات وه‌رگرتووته‌وه و ئه‌م هه‌فته‌یه‌یش 12 منداڵى تر.
به‌رپرسانى هه‌سه‌ده ئاشكرایان كردووه فڕه‌نسا له وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌م منداڵانه به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایى دروست كردووه، به پاساوى ئه‌وه‌ى ئه‌م منداڵانه له داهاتوودا مه‌ترسى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى فڕه‌نسى دروست ده‌كه‌ن.
كه‌چى كه‌سانى نزیك له‌و منداڵانه له فڕه‌نسا دژى ئه‌م پاساوه ده‌وه‌ستنه‌وه و ده‌ڵێن زۆربه‌ى منداڵه‌كان ته‌مه‌نیان له خوار پێنج ساڵییه. دووپاتیشى ده‌كه‌نه‌وه بارودۆخیان له‌ناو كه‌مپه‌كانى سووریا له‌وپه‌ڕى خراپیدایه.
رێكخراوى پزیشكانى بێ سنوور له راپۆرته‌كه‌ى فرانس پرێس باسیان له‌وه كردووه بارودۆخى مرۆیى له‌ناو كه‌مپه‌كانى سووریا له بارودۆخێكى مه‌ترسیداردایه و له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه 286 كه‌س مردوون.