پێشانگەی تایبەت بە ڕاگەیاندن دەكرێتەوە

:: AM:11:17:12/06/2019 ‌
بڕیارە سبەی پێشانگەی تایبەت بە ڕاگەیاندن و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و پێوەندییەكان بكرێتەوە و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان سەتان كۆمپانیا و دەزگەی ڕاگەیاندن بەشداری دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی حوزەیران، سازان شەمسەدین نوێنەری یەكێك لە دەزگەکانی ڕاگەیاندنی بەشداربوو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو پێشانگەیە جگە لە كۆكردنەوەی كەناڵە میدیاییەكان، بەیەكتر ناساندنی كۆمپانیا و كەناڵەكانە، چونكە لەو پێشانگەیە چەندان كۆمپانیا بەشدارن.

زیاتر ڕوونی كردەوە، لەو پێشانگەیە 300 كەناڵی ڕاگەیاندن و كۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی بەرهەمی میدیای بەشداری دەكەن و چەندان كەلوپەل بۆ یەكەمین جارە دێتە عێراق نمایش دەكرێت.

ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر هاتووە، سبەی پێشانگە و كۆنگرەی پێوەندییەكان و ڕاگەیاندن و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە هەولێر دەكرێتەوە و  تا 16 حوزەیرانی 2019 لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بەردەوام دەبێت.

ڕوون كراوەتەوە ئەو پێشانگەیە لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكرێت. 



وشە - رامیار جەواد