نرخی نەوت دابەزی

:: AM:11:47:12/06/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و ئەو دابەزینەش دوای ئەوە دەستی پێ كردووە كە ئاستی داخوازی بۆ سەر نەوت كەمی كرد و نەوتی كۆگاكراوی دنیا بەرز بووەوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاری بۆڕسە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 62  دۆلار و 40 سەنت. لە یەكەم رۆژی بازاڕەكە تا نیوەڕۆی دوێنێ سێشەم نرخی نەوت رووی لە هەڵكشان كرد و تا نزیكەی 64 دۆلار بەرز بووەوە، بەڵام لەو كاتەوە رووی لە داكشان كردووەتەوە و زیاتر لە دۆلار و نیوێك لە نرخەكەی دابەزیوە.

ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 62 دۆلار و 33 سەنت دەفرۆشرێت. بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریكی یان WTI لە سێ رۆژی رابردوودا لە 54 دۆلار و 70 سەنتەوە بۆ 52 دۆلار و 34 سەنت دابەزیوە.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ پرسی كەمبوونەوەی ئاستی داخوازی لەسەر كڕینی نەوت لە دنیا دەگەڕێتەوە. هەر جۆرە كەمبوونەوەیەك لە داخوازی و بەرزبوونەوەی خستنەڕوو دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.

بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە وڵاتانی ئۆپێك  و رووسیا كۆ ببنەوە و دوایین بڕیار لەسەر درێژكردنەوە یان كۆتاهێنان بە سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەربكەن.



وشە - سلێمان تاشان