پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی بەرانبەر دۆخی پارێزگای كەركووك ئاشكرا دەكات و دوێنێ لە كەركووك ئەندامانی ئەنجوومەن كاری نایاساییان كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان-كەركووك گەرمیان هاتووە، دوێنێ 11ی حوزەیران، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نەیتوانی رێژەی یاسای بەدەس بێنێت. بۆیە نەیانتوانی دانیشتنی فەرمی ئەنجوومەنەكە ئەنجام بدەن.لە پاش سەرنەكەوتنی هەوڵەكەیان لەدەرەوەی ئەنجوومەن واژوویان كۆ كردۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی كارێكی نایاساییە بەو حاڵەش نەیانتوانیووە واژووی تەواو كۆ بكەنەوە بۆیە لە شوێن ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەن كە لەوێ ئامادە نەبوون، بە تەزویر لە شوێنیان واژوویان كردووە.
زیاتر روون کراوەتەوە، دوێنێ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئەوانەی پەرۆشیانە دانیشتنەكە بەبێ ئاسایكردنەوەی بارودۆخی كەركووك ئەنجام بدرێت، بەسەر ئەندامەكانی لیستەكانی دیكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گەڕاون پێیان گوتووە واژوو بكەین بۆ ئەوەی دەسەڵات بە ڕاكان جبوری پارێزگاری سەپێنراو بدەین تا دەسەڵاتی خەرجی بودجەی هەبێت.
ئەو ڕوونكردنەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك گەرمیان لە كاتێكە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەهۆی تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی تەواو نەكرا.