كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەگوازرێتەوە بەغدا

:: PM:02:13:12/06/2019 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، بڕیار بوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بەغدا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێك دواخراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی حوزەیران، عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك پرس سەردانی كردین.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، لە كۆبوونەوەكە تاڵەبانی ڕوونی كردەوە، بڕیاربوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بەغدا بكرێت، بەڵام بەچەند هۆكارێك كۆبوونەوەكە دواخراوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، بڕیاربووە لەو كۆبوونەوەیە نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزارەتی پلاندانان بەشداری بكەن بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكە بەشێوەیەكی ڕێك بێت، بەڵام نەكراوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كرد ژمارەكەی داخرابوو.

دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكۆتبەری ساڵی 2017، ئێستە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نەكراوە ئەوەیش وایكردووە كارەكانی ئەو ئەنجوومەنە پەكی بكەوێت و چەندان جاریش هەوڵی كۆبوونەوە دراوە، بەڵام بەهۆی كەمی ڕێژەی یاسایی نەتوانراوە ئەنجام بدرێت.






وشە - رامیار جەواد