كولـلە هێرش دەكاتە پارێزگاكانی باشووری ئێران

:: PM:02:19:12/06/2019 ‌

هێرشی كولـلە لە پارێزگاكانی باشووری ئێران دەستی پێ كردووە و پێشبینی دەكرێ زیان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بگەیەنێت. بارانی زۆر بە هۆكاری سەرەكی زیادبوونی كولـلە هەژمار دەكرێت.

محەمەد رەزا میر گوتەبێژی رێكخراوی پاراستنی رووەك لە ئێران ئاشكرای كرد، لە دوێنێ سێشەمەوە شەپۆلێكی گەورە لە هێرشی كولـلە بۆ سەر پارێزگاكانی باشووری ئێران دەستی پێ كردووە و پێشبینی دەكرێ ئەو هێرشە تا 10 رۆژی تر بەردەوام بێت.

ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە چەندان شوێن هەوڵیان داوە رووبەڕووی هێرشی كولـلە ببنەوە و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەم هێرشە بپارێزن. بەپێی ئامارێك كە خراوەتەروو لە 600 هەزار دۆنم زەوی پڕژاندنی دژە كولـلە بەردەوامە و لە پێنج مانگی رابردووش توانیویانە سەرووی دوو هەزار دۆنم زەوی بپڕژێنن و پارێزگاری لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بكەن.

شەپۆلی هێرشی كولـلە هەریەك لە پارێزگاكانی بوشەهر، هورموزگان، سیستان و بەلووچستانی گرتووەتەوە و پێ دەچێت روو لە پارێزگاكانی تریش بكات.

بەگوێرەی "رادیۆ فڕەنسا" زۆربوونی رێژەی باران و جێبەجێنەكردنی بەڵێنی هەندێك وڵاتی دراوسێ بۆ لەناوبردنی كولـلە بە گرنگترین هۆكاری زۆربوونی كولـلە لە ئێران هەژمار دەكرێت.

پێویستە بگوترێت كولـلە وەك شەپۆلێك ساڵانە لە كاتێكی دیاریكراو سەرهەڵدەدات و زۆر جار چەندان وڵات دەگرێتەوە و زیان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان دەگەیەنێت.

جۆری ئەو كولـلەیەی هێرشی كردووەتە سەر ئێران، بە كولـلەی بیابانی ناسراوە و 20% لە رووبەری وشكایی دنیا لەو جۆرە گیانلەبەرەی لێ دەژیت و 59 وڵات ساڵانە رێوشوێنی توند بەرانبەری دەگرنە بەر.



وشە - سلێمان تاشان