عێراق.. نزیكەی دوو ملیۆن ژن لەپیاوەكانیان دابڕاون

:: PM:07:00:09/01/2017 ‌
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی ئەو ژنانەی هاوسەرەكانیان لەدەستداوە زیادی كردووە و هۆكاری سه‌ره‌كیشی بۆ دۆخی ئەمنی وڵاته‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژنان پیاوەكانیان لەدەست بدەن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م، وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكوومه‌تی عێراق، ئامارێكی له‌سه‌ر رێژه‌ی لێك درابڕانی هاوسه‌ران بڵاو كردۆته‌وه‌ و تیایدا ئاشكرای كردووە تەنیا لەساڵی 2016 دا یەك ملیۆن و 900 ژن لەپیاوەكانیان بەهۆكاری جۆراو جۆر دابڕاون.

بەپێی ئامارەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، 122 هەزار و 438 ژن لەماوەی ساڵی 2016 لە پیاوەكانیان جیابوونەتەوە كە ئەو ژنانە تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 49 ساڵی بووه‌.

ئامارەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوەشی ئاشكرا كردووە، 878 هەزار و 455 ژنی تر پیاوەكانیان بە روداوی جۆراو جۆر لەدەستداوە كە زۆرینەی ئەو ژنانە تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 49 ساڵی بووه‌.

عەبد زەهرە گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوەكەدا رای گەیاندوە، زۆربەی ئەو ژنانەی بەرووداوی جیاواز لە پیاوەكانیان جیابوونەتەوە پەیوەندی بەباری ته‌ناهی و سەربازی عێراق هەیە كە ئەمساڵ رێژەكەی زیاتر بووە .

زیاتر گوتی، بەهۆی باری ته‌ناهی ئاماری پارێزگاكانی مووسڵ و سەڵاحەدین و كەركووك و شارۆكەی حەویجە لەڕاگەیەنراوەكەدا نەنوسراوە.

ساڵانە لە عێراق بەهۆی تەقینەوەكان چەندان كەس دەبنە قوربانی كەزۆرینەیان لەڕەگەزی نێرن، ئەمساڵیش بەهۆی شەڕی چەكدارانی داعش ئاماری كوژراوەكان رووی لەزیاد بوون كردووە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم