بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشكرای دەكات، لە ڕۆژانی ڕابردوو هاووڵاتییەكی شاری مووسڵیان گرتووە كە بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەری پێ بووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هاتووە، پاش چاودێریكردن، گومان لێكراوێك لەلایەم مەفرەزەكانمان گیرا لە 2019/5/ "أ.غ.ج.م" كە خەڵكی شاری مووسڵە، بڕی چوار كیلۆ و 100 گرام مادەی هیڕۆینی پێ بوو و هێنابووی بۆ شاری هەولێر.
ڕوون كراوەتەوە، ئەو تۆمەتبارە ئەو مادانەی لە شاری مووسڵ هێنابووی بەپێی مادەی 14ـی هۆشبەرەكان ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە و ڕێكاری یاسایی گیراوەتەبەر.
باس لەوەش كراوە، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین لە كاتی بوونی هەر زانیارییەك لەسەر كەسانی گوماناوی و تاوانباران، بەزووترین كات بنكە و بارەگاكانی ئاسایش ئاگەدار بكەنەوە.
مادە هۆشبەرەكان ئێستە یەكێكە لەو مەترسییانەی ڕووی لە گەنجان كردووە و لە ڕابردوش چەندان كەس گیراون و ڕێكاری یاساییان بەرانبەر ئەنجام دراوە، بڕێكی زۆری مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.