ئەڵمانیا پەنابەرە عێراقییەكان دەردەكات

:: PM:03:04:12/06/2019 ‌
دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی داعش ئاوارەی وڵاتانی دنیا بوون، ئەوانەی حكوومەتی ئەڵمانیا وەك پەنابەر قبووڵی كردن ئێستە بەزۆر رەوانەی عێراق دەكرێنەوە. وەزارەتی كۆچ و كچبەرانی عێراق دەڵێ، هەوڵ دەدەین دڵنیایی لە گەڕانەوەیان دابین بكەین.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیران، حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد، هەوڵی دابینكردنی دڵنیایی دەدات لە گەڕانەوەی پەنابەر عێراقییە نیشتەجێبووەكانی ئەڵمانیا.

لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی، ئاماژەی بە كۆبوونەوەی نەوفل بەها مووسەوی وەزیری كۆچ و كۆچبەران كرد لەگەڵ بریكاری وەزیری گەشەپێدان و ئابووری ئەڵمانی و شاندی یاوەری كردووە لە بەغدا.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی بەیاننامەكە بێت، هەردوولا باسیان لە هاوئاهەنگی هاوبەش كردووە بە مەبەستی گرنگیدان بە پەنابەرە عێراقییەكان و دووبارە شیاندنەوەیان بەتایبەت ئەوانەی لە ئەڵمانیا نیشتەجێن و بەهۆی شەڕی دژ بە داعش ماڵ و شارەكانیان خاپوور بووە.
 
نەوفەل مووسەوی داوای لە حكوومەتی ئەڵمانیا كردووە كە هەموو پەنابەرە عێراقییەكان بەزۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق و حكوومەت هەوڵی دابینكردنی دڵنیایی تەواو بۆ گەڕاندنەوەیان و دابینكردنی پێویستییەكانیان دەكات، گوتی "ئەو قەبارە گەورەیە زیانەی بەر شارەكانی عێراق كەوتووە لە شەڕی دژ بە داعش، پێویستی بە هەوڵێكی مەزن هەیە لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی و لەمەشدا پێویستە وڵاتانی كۆمەكبەخش و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكاری عێراق بكەن و كۆمەك پێشكەشی ئاوارەكان بكەن، هانیان بدەن بۆ دووبارە گەڕانەوەیان لە رێی پڕۆژە و رەخساندنی دەرفەتی كار بۆیان".
 
وەزیری كۆچ ئەوەشی خستەڕوو، ئاوارەیەكی زۆر لە ئەڵمانیا هەیە و كێشەشیان هەیە، بۆیە دەمانەوێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ئەڵمانیا كێشەكانیان چارەسەر بكەین و هانیان بدەین بۆ گەڕانەوەیان بۆ عێراق، بەتایبەت ئەوانەی حكوومەتی ئەڵمانیا داوای پەنابەری رەت كردووەتەوە.

 فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق