لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین هۆشدارییەك به نەخۆشانی شەكرە دەدرێ

:: PM:03:25:12/06/2019 ‌
گۆڤارێكی ئەڵمانی لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمای هاوین هۆشدارییەك بەو نەخۆشانەی شەكرە دەدات كە بەردەوام دەرزی ئەنسۆلین بەكار دەهێنن.

گۆڤاری "دیابتس راتگیبەر"ی ئەڵمانی بڵاوی كردەوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین دنیا گەرم دەبێت و پلەكانی گەرما زیاتر لە 25 پلە بەرز دەبنەوە، ئەم گەرمییەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دەرزی و پێكهاتەی ئەنسۆلین دەبێت.

زیاتر ڕوونی كردووەتەوە، دەبێت مادەی ئەنسۆلین لە پلەی گەرمای دوو تا هەشت پلەدا هەڵبگیرێت، كاتێكیش پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە، دەبێت نەخۆشانی شەكرە دەرزییەكانیان لەناو بەفرگر هەڵگرن بۆ ئەوەی بە گەرما كاریگەرییەكانی لاواز نەبن، هەروەها دەبێت نیو سەعات بەر لە بەكارهێنانیش دەری بێنن، چونكە ئەگەر ئەنسۆلین سارد بێت و بەكار بهێنرێت زیان و ئازار بە نەخۆشەكە دەگەیەنێت.

لەلایەكی ترەوە گۆڤارەكە ڕوونكردنەوەیەكی بەو كەسانە داوە كە ئەنسۆلین لەڕێی دەرزیی قەڵەمەوە بەكار دەهێنن، ئەوانە پێویست ناكا ئەنسۆلینەكانیان سارد بكەن.
 


وشە - ڕێناس شابان