سوودەكانی شیری دایك بۆ كۆرپەڵە

:: PM:04:20:12/06/2019 ‌
پێویستە هەموو دایكێك خۆی لەسەر ئەوە رابهێنێت كە شیر بدات بە كۆرپەڵەكەی بۆ ماوەی شەش مانگ یان زیاتر، چونكە شیری دایك چەندان سوود بە كۆرپەڵە دەگەیەنێت و گەشەكردنی خێرا دەكات و لە چەندان نەخۆشی دەیپارێزێت. لێرەدا باس لە سوود و گرنگییەكانی شیری دایك دەكەین بۆ كۆرپەڵە.

یەكەم: هەموو پێكهاتەیەكی خۆراكی بە كۆرپەڵە دەدات، شیری دایك هەموو ئەو پێكهاتە خۆراكییانەی تێدایە كە پێویستە بۆ كۆرپەڵە و گەشەكردنی. بۆیە باشتر وایە لەبری ئەو شیرانەی كەبە شێوەیی بۆدرە دەفرۆشرێت زیاتر شیری دایك بەكار بهێنرێت بۆ كۆرپەڵە بۆ ئەوەی گەشەیەكی تەندروستی هەبێت. بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان كەمترین ڤیتامین كە لە شیری دایكدا هەبێت ڤیتامین دییە كە ئەویش دوایی دوو تا چوار هەفتە زیاد دەكات، بۆیە باشتر وایە ئەو پێكهاتە خۆراكییانە بخورێت كە دەوڵەمەندن بەم ڤیتامینە وەك شیر، پەنیر و جگەر، هێلكە، ماسی چەور و یان وەرگرتنی ڤیتامین دی بە شێوەیەكی راستەوخۆ لە تیشكی خۆرەوە.

دووەم: سیستمی بەرگری بەهێز دەكات، جگە لە پێكهاتەی خۆراكی شیری دایك پرە لە دژەتەن، كە توانایی لە ناوبردنی ئەو میكرۆبانەی هەیە كە لە لەشدا هەن و دەبنە هۆی نەخۆشی. كۆرپەڵە دەپارێزێت لە هەموو ئەو بەكتریا و ڤایرۆسانەی كە دەبنە هۆی نەخۆشی. رێ لە هەوكردنی گوێی ناوەڕاست، هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە و هەستەوەری دەگرێت. ئەمان چەند گرفتێكن كە تووشی كۆرپەڵە دەبن لە سەرەتایی لە دایكبوونیدا.

سێیەم: كێشی لەش و خەمۆكی كەم دەكاتەوە، شیردان بێگومان یارمەتی كەمكردنەوەی كێش دەدات. لەش لەو كێشە زیادە رزگار دەكات كە لە ماوەی دووگیانیدا هەبووە. ئەو خەمۆكییە كەم دەكاتەوە كە لە دوای لەدایكبوونی كۆرپەڵە دروست دەبێت، بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان ئەو خەمۆكییە بۆ گۆڕینی هۆرمۆنەكانی لەش و فشار و شەكەتی زۆر دەگەڕێتەوە. لەم كاتەدا پێویستە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسن زیاد بكرێت بۆ ئەوەی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ كەم بكاتەوە.




وشە - ئاوات ئازاد