لەكاتی خەودا تەلەڤزیۆنەكەت هەڵكرابێت قەڵەو دەبیت

:: PM:04:24:12/06/2019 ‌
پسپۆڕانی ئەمەریكا لە نوێترین توێژینەوەدا بۆیان دەركەوتووە، ئەگەر شەوان خەوت لێ بكەوێ و تەلەڤزیۆنەكەت بە هەڵكراویی بەجێ بێڵی، قەڵەو دەبیت.

ماڵپەڕی فۆشیا لە هەواڵێكیدا بڵاوی كردووەتەوە، پسپۆڕانی ئەمەریكا دوای چەند توێژینەوەیەك بۆیان دەركەوتووە، بوونی ڕووناكیی بە گشتیی و ڕووناكی تیشكی تەلەڤزیۆن لە شەودا، دەبێتە هۆی قەڵەوكردنی مرۆڤ، كاریگەرییەكەیشی لەكاتی خەوتندا زۆرتر دەبێت.

كاتێك دەخەویت جەستەت پشوو دەدات، بەڵام ئەگەر تیشكی مەترسیداریی تەلەڤزیۆنت بەربكەوێت، زیانی بۆ هۆرمۆنەكان دەبێت و دەبێتە هۆی قەڵەوبوون، ئەم ئەنجامەش دوای توێژینەوە و تاقیكردنەوەی زانایانی ئەمەریكا لەسەر 44 هەزار ژن دەست كەوت.

توێژەران ڕوونیان كردووەتەوە، ئەو كەسانەی گڵۆپ، تەلەڤزیۆن یان هەر ڕووناكییەكی تر لە كاتی خەودا دەهێڵنەوە، بە ڕێژەی %33 ئەگەری قەڵەوبوونیان لە خەڵكی ئاسایی زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا پشوو بە باشیی وەرناگرن و تێرخەو نابن و بەیانیان خەویان دێت.

پسپۆڕان دەڵێن: بە كوژاندنەوەی گڵۆپی ژووری نوستنەكەت یان تەلەڤزیۆنەكەت، وا دەكەیت باشتر سوود لە خەوەكە وەربگریت و لە قەڵەویی دوور بكەویتەوە.



وشە - ڕێناس شابان