ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی ناڕێكی پەستانی خوێن

:: PM:04:26:12/06/2019 ‌
بەشێوەیەكی گشتی پێویستە پەستانی خوێن لە نێوان 120 بۆ 80 میلیمەتر جیوەیی بێت. ئەگەر لەم بڕە زیاتر بوو ئەوە بە بەرزی پەستانی خوێ، دادەنرێت و زیانێكی زۆر بەلەش دەگەیەنێت و هۆكارێكە بۆ تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان و تەنانەت پچڕان و تەقینی خوێنبەرەكان هەروەها رەنگە ببێتە هۆی مەینی خوێن.

بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەڕێژەیەكی زۆر مەترسییەكانی نەخۆشی دڵ و جەڵتە زیاد دەكات. زیان بە چەندان ئەندامی تر دەگەیەنێت لە لەشدا وەك چاوەكان و گورچیلەكان.

زۆر نەریتی رۆژانە هەیە كە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئەمانە چەند هۆكارێكن بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن:

یەكەم: جگەرەكێشان، بەپێی دەسەڵاتی تەندروستی جگەرەكێشان خراپە بۆ تەندروستی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و چەندان زیانی تر كە لە داهاتوودا دەردەكەوێت. رێ لە حەسانەوەی دڵ دەگرێت و خوێنبەرەكان تەسك دەكاتەوە و وا لە خوێن دەكات كە تووشی مەین ببێت.

دووەم: زۆر بەكارهێنانی خواردنەوە كحوولییەكان، ئاساییە ئەگەر رۆژانە دوو پەرداخ خواردنەوەی كحوولی بخورێتەوە، بەڵام ئەگەر لەو بڕە زیاتر بوو ئەوە زیان بە سیستمی دڵ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

سێیەم: زۆر خواردنەوەی قاوە، ئەوە گومانی تێدا نییە كە خواردنەوەی قاوە بڕێكی زۆر كافاینی تێدایە و دەبێتە هۆی دابینكردنی وزە بۆ لەش و باری دەروونی باشتر دەكات و زیانەكانی زۆر خواردنەوەی قاوە ئەوەیە كە دەبێتە هۆی ناڕێكی لێدانی دڵ و نیگەرانی و زۆر ئارەقكردنەوە و خەوزڕان.

چوارەم: خۆراكی ناتەندروست، هەموومان دەزانین كە خۆراكی پڕ لە سۆدیۆم هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زۆر لەو كەسانەی كە تووشی بەرزی پەستانی خوێن یان نەخۆشییەكانی دڵ دەبنەوە، بێگومان هۆكارەكەی زۆر بەكارهێنانی سۆدیۆمە، لە هەمان كاتدا زۆر خواردنی خۆراكی شیرین دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و دوو زیانی تریش بە لەش دەگەیەنێت وەك هەوكردن و زیادبوونی كێش بە شێوەیەكی ناتەندروست.



وشە - ئاوات ئازاد