جەنجەوید.. ئەو هێزەی جەژنی سوودانییەكانی تاڵ كرد

:: PM:05:33:12/06/2019 ‌

بەر لە هەفتەیەك و دووشەمی پێش جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ خەرتوومی پایەتەختی سوودان بووە گۆڕەپانی كوشتارگەیەكی خوێناوی بۆ بەرهەڵستكارانی دەسەڵاتی سەربازی لەو وڵاتە بەدەستی ئەنجوومەنی سەربازی كاتی لە سوودان كە لە دوای رووخانی عومەر حەسەن بەشیرەوە فەرمانڕەوایەتی سوودان بە شێوەیەكی كاتی تا كاتی هەڵبژاردن دەكات، لەو ناوەدا دووبارە ناوی جەنجەوید وەك هێزێكی سەربازی و میلیشیایەكی سەر بە حكوومەت دێتەوە كە توانی گردبوونەوەكە بكاتە رەشبگیری و وێڕای كوشتن و برینداركردنی دەیان كەس، چەندان حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی ئەنجام داوە.

وەك لە راپۆرتێكی "عەرەبی ئەلجەدید"، هاتووە، پزیشكانی سوودان ئاماژەیان كردووە لەو رۆژە رەشە و لەكاتی بڵاوە پێكردنی جەماوەری ناڕازی بە فەرمانڕەوایەتی سەربازی لەبەردەم بارەگای سەركردایەتی گشتیی سوپای سوودان لە خەرتووم، زیاتر لە 70 حاڵەتی دەستدرێژی سێكسیان ئەنجام داوە، وەك رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە و رێكخراوی مافی مرۆڤیش داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە بە رێگرتن لە رادەستكردنی دۆسیەی پاراستنی ئاسایش لە دارفۆڕ بۆ هێزەكانی پاڵپشتی (جەنجەوید)، كە تۆمارێكی خراپی لە بواری مافی مرۆڤەوە هەیە.  

لە رۆژە رەشەكەی سوودان زیاتر لە 100 كەس كوژران و 700ی تریش بریندار بوون، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هێزی جەنجەوید لە شەقام و كوچە و كۆڵانەكانی خەرتووم بۆ سەركوتكردنی ناڕەزایەتی جەماوەری لەدژی ئەنجوومەنی سەربازی ئەو وڵاتە كە نیازی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتی بۆ فەرمانڕەوایەتییەكی مەدەنی نییە مەگەر كەسایەتییەكی سەر بەخۆی ئامادە دەبێت دوای دوو ساڵی تر.

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا دەڵێت، چەندان دیمەنی دڵتەزێن و ترسناكی ئەو رۆژە ئاشكرا دەبن لەوانە دەستدرێژی سێكسی لەلایەن هێزەكانی جەنجەوید لە ماوەی دواییدا، پزیشكێكی ئاگەدار لەو زانیارییانە لە لیژنەی ناوەندی پزیشكانی سوودان كە لایەنگری ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە ئاماژە دەكات، نەخۆشخانەكانی خەرتووم زیاتر لە 70 حاڵەتی دەرتدرێژی سێكسیان لەو هێرشە و دوای ئەوە تۆمار كردووە.

رۆژنامە بەریتانییەكە لەو پزیشكەی نەخۆشخانەی "رۆیاڵ كێر"، دەگوازێتەوە كە دەڵێت، هەشت حاڵەتی قوربانیانی دەستدرێژی سێكسیمان چارەسەر كرد كە بریتی بوون لە پێنج ژن و سێ پیاو و لە نەخۆشخانەیەكی تر لە باشووری خەرتووم سەرچاوەیەكی پزیشكی روونی كردەوە كە دوو حاڵەتی دەستدرێژیان چارەسەر كردووە بەدەستی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا. كەژی زۆرینەی قوربانیانی تر بەهۆی ترس لە تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی ئاسایش لە شارەكە داوای چارەسەریان نەكردووە، لەوكاتەی چالاكانی بواری مافی مرۆڤ و شارەزایان ئەو راپۆرتانەیان لەبارەی توندوتیژی سێكسی بە متمانەپێكراو وەسف كرد.

تەنگژەی سوودان بەردەوامە و دوای جەژن راستەوخۆ داواكەی ئۆپۆزسیۆنی سوودان بە راگەیاندنی یاخیبوونی جەماوەری هاتە جێبەجێكردن و شەقامەكانی خەرتووم و چەند گەورە شارێكی سوودان وەك ئوم دەرمان چۆڵ بوون كە دواتر لەسەر داوای ئۆپۆزسیۆن خۆی بڕیاری یاخیبوونەكە تا ماوەیەكی كاتی هاتە هەڵپەساردن. 

رێكخراوی مافی مرۆڤ لای خۆیەوە ئاماژە دەكات كە هێزەكانی جەنجەوید سەر بە محەمەد حەمدان دقلوی ناسراو بە حمیدتی سەرۆكی ئەنجوومەنی كاتی سەربازی لە سوودان، تۆمارێكی دوورودرێژی لە پێشێلكاری و تاوان هەیە، ئەوەش وەك رەخنەیەك لە وڵامی نیازی ئەنجوومەنەكە بۆ پاشەكشەكردنی نێردەی ئاشتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەفریقیا لە دارفۆڕ لە سایەی دۆخی ناسەقامگیری سیاسی لە سوودان و نەبوونی ئاسایش تیایدا.

رێكخراوەكە دەڵێت، ئەو هێزە بە فرماتی حەمیدتی لە هەفتەی رابردوو هەستاوە بە بڵاوە پێكردنی گردبوونەوەیەكی جەماوەری لەبەردەم بارەگای سەركردایەتی گشتیی سوپا لە خەرتووم و خێوەتەكانی سووتاندووە و هێرشی كردووەتە سەر خۆ پێشاندەران و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 كەس كوژراون و سەتانی تریش بریندارن، ئێستەش ئەوان نۆ شوێنیان لەو 10 شوێنەی هێزەكانی ئاشتی پارێز لە دارفۆڕ كرنترۆڵ كردووە.

لای خۆیەوە جیهان هنری بەڕێوەبەری بەشی ئەفریقیا لە رێكخراوەكە ئاماژە دەكات كە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش رێگە بەوە نەدات ئەو هێزە نیوچە سەربازیانە دەست بەسەر بارەگاكانی نێردەی ئاشتیپارێز لە دارفۆڕ بگرن و ئەركەكانیان لە سوودان نوێ بكەنەوە بۆ پاراستنی خەڵكەكە تا مسۆگەركردنی پاراستنی هاووڵاتییان و و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ تیایدا. 

رێكخراوەكە ئاماژە دەكات، هێزەكانی جەنجەوید تۆمارێكی دوورودرێژیان لە تاوان و پێشێلكاری هەیە و هەڵمەتی مەترسیداریان لەدی یاخیبوونی دارفۆڕ و باشووری كەردەڤان و نیلی شین لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو هەبووە، جیا لە هێرشكردنە سەر گوندەكان و كوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر گوندنشینان و تاڵانی و سووتاندنی خانوو و موڵكوماڵیان. 

هنری دووپاتی كردەوە، ناسەقامگیریی سیاسی لە سوودان كاریگەری بۆ سەر هەرێمی دارفۆڕیش هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی حەمیدتی بۆ دەسەڵات و ئەو هەواڵە تۆقێنەرانەی لەسەر هێزەكانی بڵاو دەكرێنەوە، بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی ئەو هێزە بكرێت و ئەركی زیاتری لە سوودان پێ نەسپێردرێت، لەوانەش رادەستكردنی پێگە و ئەركەكانی هێزەكانی ئاشتی پارێز بۆ حكوومەتی سوودانی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل