تاران: بەرەی ئێران و عێراق وسووریا پڕۆژیەكی ستراتیجییە

:: PM:05:52:12/06/2019 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیران، بەرپرسێكی باڵای ئێرانی رای گەیاند، عێراق و سووریا تەواوكاری ستراتیجییەتی ئێرانن لە ناوچەكە و پڕۆژەی تاران تەواو دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەكانی بیانی و سەپاندنی ئاسایشێكی بەردەوام بۆ ناوچەكە.

لیوا یەحیا سەفەوی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێران كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری قوتابیانی زانكۆی باڵا بۆ بەرگری نیشتمانیش ئامادەی بوون، باسی لەوەكرد بەرەی ئێران عێراق سووریا دەریای سپی ناوەڕاست، بەرەیەكی ئابووری سیاسی تەناهی بەرگرییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل و ئەمەریكا.

سەفەوی روونی كردەوە، عێراق و سووریا پڕۆژەی ستراتیجی ئێران تەواو دەكەن و بازاڕی ئەو دوو وڵاتە كە 60 ملیۆن خەڵكی لێ دەژیت، دەتوانێت ببێتە ئامانجی هەناردەی كەلوپەلی ئێران، گوتی "بەرزبوونەوەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 20 ملیار، جگە لەمە فراوانی سنووری عێراق لەگەڵ ئێران كارئاسانی بۆ ئێرانییەكان دروستكردووە كە سەردانی شوێنە پیرۆزەكان بكەن لە عێراق، تەنانەت ئێران بووەتە ناوەندێك بۆ پاكستانییەكان و ئەفغانستانییەكان و ئازەربێجانییەكان بۆ مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی ئاینیی كە 20 ملیۆن خەڵكی شیعەی لێیە، لەمەشدا دەبێت پارێزگای خوزستان وەبەرهێنان لەسەر ئەو پرسە بكات".
 
زیاتر گوتی "ئەگەر توانرا پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لەگەڵ عێراق تەواو ببێت كە لە دەروازەی خوسەروی سنووری لە رۆژئاوای ئێران بەرەو بەغدا دەستی بە كارەكانی كردووە، هەروەها ئەوەی خورمەشهەر لە باشووری رۆژئاوای ئێران بەرەو بەسڕە، ئەوا لە رێگەی ئێرانەوە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستیش بە عێراق و سووریا دەبەسترێنەوە، ئەمەش پڕۆژەیەكی جیۆئابوورییە و ملیارەها دۆلار سوودی بۆ ئێران دەبێت".
 
قسەكانی ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ئێران لە كاتێكدایە ململانێیەكی توند لەنێوان ئێران و ئەمەریكا هەیە، واشنتن هەوڵ دەدات دەستی تاران لە بەغدا ببڕێت و بۆ ئەمەش گوشاری زۆری خستووەتە سەر عێراق.


وشە - فه‌رمان سادق