بەلجیكا پاڵپشتی بۆ مەسروور بارزانی دووپات كردەوە

:: PM:06:01:12/06/2019 ‌
بەلجیكا دووپات لەسەر هاوبەشیی و پاڵپشتیی بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیران، هێندریك ڤان دی ڤێلدێ، باڵوێزی بەلجیكا لە ئوردن و عێراق لە تویتێكدا نووسیویەتی، بەلجیكا هاوبەشێكی راستەقینەی ئەجێنداكانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی دەبێت.

باڵوێزەكە دووپات دەكاتەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەلجیكا پشتیوان و هاوئاهەنگكاری هەولێر دەبێت. ڤان دی ڤێڵدی لە درێژەی تویتەكەیدا هیوای سەركەوتنی بۆ مەسروور بارزانی و كابینەكەی بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر خواست.

ڕۆژی 10ی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، ڕۆژێك دوای ئەوە پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپارد و ئەمڕۆیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسوومی فەرمی بۆ دەركرد.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم