سەدر و عامری لە رێگەی ئەنجوومەنێكەوە كۆنترۆڵی پلە و پۆستەكانی عێراق دەكەن

:: PM:06:23:12/06/2019 ‌

بەپێی راپۆرتەكانی رۆژنامەوانی رۆژئاوایی ئێستە ئامادەسازیەكی فرەوان لەلایەن هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و موقتەدا سەدر پاڵپشت بۆ هاوپەیمانی سائیروون دەكرێت، دوو گەورە فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی عێراق، بۆ كۆنترۆڵكردنی هەموو پلە و پۆستەكانی دەوڵەتی عێراق لە رێگەی ئەنجوومەنێكەوە. 

وەك رۆژنامەی "ئەندیپێندنت"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، هەردوو هاوپەیمانی "فەتح" و "سائیروون"، دوای گفتوگۆیەكی چەند هەفتەیی لەسەر دامەزراندنی "ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵ" رێككەوتوون وەك دەزگایەك بۆ دامەزراندن و جێبەجێكاری كە لەلایەن هومام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییەوە سەرۆكایەتی بكرێت و ببێتە بەرپرسی دامەزراندن لە حكوومەت. 

رۆژنامەكە روونی كردەوە، ئەو هەنگاوە لەسەر پێشنیازی هاوپەیمانی "سائیروون" ئەنجام دەدرێت بۆ دوورخستنەوەی هەر دەسەڵاتێكی نووری مالیكی سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بەسەر كایەكانی دەوڵەت، ئەوەش لە بەرانبەر ئەوەی هەردوو هاوپەیمانیەتییەكە پۆستە باڵاكان بەسەر خۆیان دابەش بكەن و مسۆگەری باڵادەستیشیان بكەن بەسەر كەرتی دامەزراندن لە عێراق لە رێگەی ئەو دامەزراوەوە.

وەك رۆژنامەكە دەڵێت، لە سەرووی ئامانجەكانی ئەو دامەزراوە نوێیە فلتەركردن و چاودێریكردنی كەسەكانی كە نووری مالیكی دایمەزراندوون لە ماوەی دەسەڵاتی وەك سەرۆك وەزیران لە عێراق كە ژمارەیان سەتان هەزار كەس دەبێت، لەوانە چوار هەزار 500 لە پۆستە باڵاكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل