ئەمەریكا دوو كەسایەتی و كۆمپانیایەكی ئێرانی لە عێراق سزا دەدات

هاوشانی هەوڵەكان بۆ گفتوگۆ و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان، واشنتن تا دێت گوشاری زیاتر دەخاتە سەر تاران.  وەزارەتی دارایی ئەمەریكا، دوو كەسایەتی و كۆمپانیایەكی ئێرانی دەخاتە لیستی سزاكان كە بارەگاكەی لە عێراقە.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیران، وەزارەتی دارایی ئەمەریكا لەسەر پێگەی فەرمی خۆی لە ئینتەرنێت، دوو كەسایەت و كۆمپانیایەكی ئێرانی خستە لیستی سزادراوان كە بارەگای سەرەكی كۆمپانیایەكە لە عێراقە.

وەزارەتی دارایی ئەمەریكا هێشتا هیچ روونكردنەوەی لەسەر ناوی ئەو كۆمپانیایە و ئەو دوو كەسایەتییە بڵاو نەكردووەتەوە كە بارەگای سەرەكی لە عێراقە.

سزادانی ئەو كۆمپانیایە لە كاتێكدایە دوێنێ سێشەم، وەزارەتی دارایی ئەمەریكی هەردوو كۆمپانیای "سێنرجی ئێس ئەی ئێڵ و بی ئێس كۆمپانی" خستە لیستی سزادراوان.
وەزارەتی دارایی ئەمەریكا لەبارەی سزادانی ئەو دوو كۆمپانیایە كە بارەگای سەرەكیان لە لبنانە، دەڵێ، ئەو دوو كۆمپانیایە كاریان گواستنەوەی نەوتی خاوی ئێرانی بووە بۆ سووریا.

هاوكات رۆژی هەینی رابردوو ئەمەریكا سزای بەسەر سێكتەری پتڕۆكیمیایی ئێرانی سەپاند كە گەورەترین كۆمپانیای قازانجهێنی ئێرانییە، بەهۆی ئەوەی ئەو كۆمپانیایە پشتگیری لە كۆمپانیای ئەندازیاری ئێرانی دەكات كە سەر بە سوپای پاسدارانە.

 سزاكەی سەر سێكتەری پتڕۆكیمیایی كە گروپی كۆمپانیاكانی كەنداوی فارسی بۆ پتڕۆكیمیایی كردە ئامانج، 39 كۆمپانیا لە خۆ دەگرێت و 50%ی هەناردەی ئێران لە بەرهەمی پتڕۆكیمیایی بەرهەم دەهێنن.

 ستیڤن مەنۆچن وەزیری دارایی ئەمەریكا رای گەیاند، بە ئامانج گرتنی ئەو گروپە كۆمپانیایەی ئێران هەوڵێكە بۆ بێبەش كردنی سێكتەری پتڕۆكیمیایی بنەڕەتی ئێرانی كە پشتگیری و كۆمەكی دارایی پێشكەش بە سوپای پاسداران دەكات، گوتی "ئەمە هۆشداری دانێكە بۆ ئێران كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە بە ئامانج گرتنی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی پشتگیری و كۆمەكی دارایی سوپای پاسداران دەكەن".


وشە - فه‌رمان سادق


PM:06:34:12/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 97 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌