بەرهەمی پەتاتە لە كوردستان لە زیادبوونە

:: PM:07:54:12/06/2019 ‌
لە سنووری دەشتی شارەزوور دەستكراوە بە كۆكردنەوەی پەتاتە و لە شارۆكەی پێنجوێنیش، ئەمڕۆ پەتاتە چاندراوە و پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتەی هەرێم لەرێژەی پار ساڵ زیاتر بێت.

ئاكام فەرەیدوون یەكێك لەجووتیارانی دەشتی شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، دەشتی شارەزوور یەكێكە لە دەشتە بەپیتەكانی كوردستان و ساڵانە چەندان بەرهەمی كشتوكاڵی جیاوازی لێ دەچێندرێت و پێ دەگات، ئێستە دەستمان كردووە بەكۆكردنەوە و هەڵگرتنەوەی پەتاتە.

زیاتر گوتی، ئەگەر حكوومەتی هەرێم هاوكاریمان بكات و رێ نەدرێت لەخاڵە سنوورییەكانەوە پەتاتەی دەرەكی هاوردە بكرێت، ئەوا دەتوانین بەشی پێداویستی ناوخۆ بە زیادەوە دابین بكەین.

لای خۆیەوە لوقمان حەمە كەریم جووتیار لە ناوچەی چەمی شلێر لە شارۆكەی پێنجوێن بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، لەكاتێكدا لەناوچەی شارەزوور پەتاتە كۆكراوەتەوە، پێچەوانەی ئەوێ بەهۆی كوێستانی پێنجوێنەوە، ئەمڕۆ دەستمان كردووە بەچاندنی و چاوەرێین كە بەرهەمی ئەمساڵمان زۆر زیاتر بێت لەساڵانی رابردوو.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێم دانیشتووانی هەرێم ساڵانە پێویستیان بە (90) هەزار تۆن پەتاتە هەیە بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەكرێت رێژەی بەرهەمەكە بگاتە (180) هەزار تۆن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم