پنتاگۆن: هێرشەكەی سەر سعوودیە رۆڵی خراپی ئێران لە ناوچەكە دەردەخات

:: PM:08:32:12/06/2019 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەم حوسییەكانی یەمەن مووشەكێكیان گرتە فڕۆكەخانەی ئەبهای سعوودیە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا سەركۆنەی رووداوەكە دەكات و رای دەگەیەنێت كە ئەو هێرشە رۆڵی خراپەكاری ئێران لە ناوچەكە دەردەخات.

ریبیكا ریباریش گوتەبێژ بەناوی پنتاگۆن ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە ئەو كارە دوژمنكارانەی حوسییەكان كۆكە لەگەڵ بەڵگەكان لەبارەی بوونی رۆڵێكی خراپەكاری ئێران لە ناوچەكە و بەردەوامی ئەو وڵاتە لە فەرامۆشكردنی هەردوو بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2216 و 2231.

زیاتر گوتی، ئەو جۆرە كارانە كە ژێرخانی مەدەنی دەكەنە ئامانج، دەبنە هۆی كەوتنەوە زیان و برینداربوونی كەسانی بێتاوان.

ئەمڕۆ هاوپەیمانی عەرەبی بۆ پاڵپشتی یەمەن كە سعوودیە سەركردایەتی دەكات رای گەیاند كە 26 گەشتیار بریندان لەوانە ژن و منداڵ بەهۆی بۆردمانێكی مووشەكی حوسییەكانی یەمەن بۆ هۆڵی هاتن لە فڕۆكەخانەی ئەبهای نێودەوڵەتی سعوودی، جیا لە زیانی مایەكی بە فڕۆكەخانەكە.

هەر ئەمڕۆ حوسییەكان رایان گەیاند كە مووشەكێكی جۆری كرووزیان گرتووەتە فڕۆكەخانەی ئەبهای سعوودی، بەوەش دەردەكەوێت كە ئەوان سوورن لەسەر هەڵوێستیان لەدژی سعوودیە و ئێرانیش لە كردنە ئامانجی هاووڵاتییان پاڵپشتیان دەكات.

لای خۆیەوە ئار كلارك كوپەر یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سیاسی دووپاتی كردەوە كە هێرشەكانی ئێران لەوانە هێرشە مووشەكییەكە بۆ سەر فڕۆكەخانەی ئەبها، پەرەسەندنێكی نوێیە لەسەر ئاستی هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر ناوچەكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل