تێسلا كار بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلە ئاوییەكەی جیمس بۆند دەكات

:: PM:09:28:12/06/2019 ‌
كۆمپانیای تێسلا بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی، پڕۆژەی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی ئاوی راگەیاند، بەجۆرێك لەیەككاتدا لەناو ئاو و وشكانی كار بكات. سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیایەكەیش دەڵێ، نەخشەسازی ئۆتۆمبێلەكە تەواو بووە كە وەك كەشتی ژێر ئاو كار دەكات.

دروستكردنی ئۆتۆمبێلێك كە لەناو ئاو و وشكانی لە یەككاتدا كار بكات بۆ كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل تا ئێستە پڕۆژەیەكی زۆر زەحمەت بووە و هیچ كۆمپانیایەك نەیتوانیوە ئەو كارە پڕ زەحمەتە ئەنجام بدات.

ئەگەرچی وەها ئۆتۆمبێلێك پێشتر لە یەكێك لە فیلمەكاندا بینراوە كە ساڵی 1977 بڵاوكراوەتەوە، بەڵام لە واقیعی ژیانی مرۆڤەكاندا وەها ئۆتۆمبێلێك بوونی نەبووە.

ئۆتۆمبێلی لۆتس ئیسپریت كە ساڵی 1976 دروستكراوە، توانای خۆ گۆڕینی هەبوو كە لە ناو ئاویش بڕوات، ئەو ئۆتۆمبێلە لە فیلمی جیمس بۆندی بەناوبانگ كە فیلمێكی سیخوڕییە بەكار هاتووە و فیلمەكەش ساڵی 1977 بڵاوكرایەوە.

ئۆتۆمبێلەكەی جیمس بۆند ساڵی 2013 لە زیادكردنێكی ئاشكرا بە 997 هەزار دۆلار لەلایەن ئیلۆن ماسك سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلا كڕی، ئەو دەڵێ، بێئومێد بووم كاتێك زانیم ئۆتۆمبێلەكە لە راستیدا ناتوانێت خۆی بگۆڕێت لە ناو ئاو و لەسەر وشكانی بڕوات.

زیاتر گوتی "بەڵام وەك كۆمپانیای تێسلا نەخشەسازی وەها ئۆتۆمبێلێكمان كردووە، دروستكردنی ئەو ئۆتۆمبێلە ئاستەمە و دەمانەوێت لە رێگەی چەند ماتۆڕێكی كارەبایی وا بكەین ئۆتۆمبێلەكە وەك ژێر دەریاییەك بتوانێت لەناو دەریا و زەریاكاندا كار بكات و رێ بكات".

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلا روونی كردەوە، دروستكردنی وەها ئۆتۆمبێلێك ئاستەمە، بۆیە ئەگەریش دروستی بكەین ئەوا تەنیا یەك ئۆتۆمبێل دروست دەكەین ئێستە.




وشە - فه‌رمان سادق