بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر هۆشداری لەبارەی پێوەدانی مار و دووپشك بڵاو دەكاتەوە و ڕێنوێنی بە هاووڵاتییان دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر هاتووە، لە كاتی پێوەدانی مار و دووپشك پێویستە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ئەو كەسە ئەنجام بدرێت.
لە ڕێنوێنییەكان بۆ پێوەدانی مار هاتووە:
• هێمن بەو بەبیر خۆتی بێنەوە كە هەموو پێوەدانێكی مار كوشندە نییە.
• بەپێی توانا كەسی مارانگاز نابێ زۆر جووڵە بكات، تەنیا ئەگەر بەدوای كەسێكدا بگەڕێت كە یارمەتی بدات.
• لادانی جلوبەرگ و خشڵ لەو شوێنەی كە مار پێوەی داوە، چونكە ئەو شوێنە دەئاوسێت.
• دانانی بەستەرێكی توند لەسەر شوێنی پێوەدانەكە، بەڵام ئەگەر شوێنی پێوەدانە لەسەر یان لە مل بوو، ئەوا دەبێ گوشاری بەردەوام بخرێتە سەر شوێنەكە بەڵام نابێ كاربكاتە جووڵەی سنگ و هەناسە.
• راكشان و هێشتنەوەی شوێنی پێوەدان لە ئاستی جەستەدا، چونكە بەرزكردنەوەی شوێنی پێوەدان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ژەهر بە بەشەكانی تری جەستە و نزمكردنی شوێنی پێوەدانەكەش ئاوسان زیاتر دەكات.
• خۆت بەدوورگرتن بگرە لە بەكارهێنانی ئازارشكێنەكان و ئەسپرین.
• هەوڵی كردنەوەی شوێنی پێوەدانەكە مەدە بە چەقۆ یان مژینی ژەهرەكە، چونكە لەوانەیە زیانی زیاتر بە مارانگازەكە بگەیەنێت.
• گەیاندنی نەخۆشەكە بۆ بەشی فریاگوزاری نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
لەبارەی پێوەدانی دووپشك لە ڕێنوێنییەكان هاتووە:
زۆربەی پێوەدانەكانی دووپشك پێویستی بە چارەسەرێكی ئاسان هەیە كە بریتییە لە:
• شووشتنی شوێنی پێوەدانەكە بە ئاو و سابوون و لادانی جلوبورگ و خشڵەكان، چونكە شوێنی پێوەدانەكە دەئاوسێ و بوونی خشڵ رێ لە ئاوسانی شوێنەكە دەگرێ.
• پاراستنی هێمنی و نەشڵەژان و دووركەوتنەوە لە دروستكردنی قەرەباڵغی و دەنگەدەنگ لە دەوروبەری كەسی پێوەدراو بۆ ئەوەی پەستانی خوێنی بەرز نەبێتەوە و ژەهرەكە بەخێرایی بە لەشیدا بڵاو نەبێتەوە.
• دانانی بەفر بەشێوەیەكی پچڕپچڕ لەسەر شوێنی پێوەدانەكە، ماوەی 10 خولەك دابنرێت، پاشان 10 خولەك چاوەڕێ بكرێت و ئینجا دووبارە بەفرەكە دابنرێتەوە.
• پێدانی دەنكێك یان دوو دەنك پاراسیتامۆڵ هەر چوار سەعات جارێك و دووركەوتنەوە لە پێدانی ئەسپرین و ئیبۆپرۆفین، چونكە لەوانەیە ببێتە هۆی كاریگەریی لاوەكی.
• خۆبەدوورگرتن لە كردنەوەی برینەكە یان مژینی ژەهرەكە.
• گەیاندنی نەخۆشەكە بۆ بەشی فریاگوزاری نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست
ئەو ڕێنوێنییانەی تەندروستی هەولێر لە كاتێكدایە لە ژمارە 283ـی هەفتەنامەی "وشە" ڕاپۆرتێك لەسەر زۆربوونی پێوەدانی مار بڵاو كرایەوە كە دانیشتووانی چەند شوێنێكی دەوروبەری هەولێری هەراسان كردووە.