له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان بازرگانی به‌ ئافره‌تان كراوه‌

:: PM:10:31:09/01/2017 ‌

به‌ پێی ئاماره‌كانی 2016 حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی دژ به‌ پیاوان و دیارده‌ی به‌شوودانی كچی منداڵ له‌ ده‌ربه‌ندیخان و له‌ سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، لە كەمپی ئاوارەكانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ش هەوڵی بەكارهێنانی ئافرەتان دەدرێ.

نەقیب شەهاب ئەحمەد، بەرێوەبەری نووسینگەی دەربەندیخانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بە "وشە"ی راگەیاند، لەماوەی ساڵی 2016 دا (67) حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان تۆماركراوە لەكاتێكدا لە ساڵی 2015 دا (79) حاڵەتی توندتیژی دژ بە ئافرەتان تۆمار كرا بوو .

زیاتر گوتی، لە ساڵی 2016دا (19) حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان تۆماركراوە، بە بەروارد بە ساڵی 2015 كە (11) حاڵەت بووە رێژەی نواندنی توندتیژی دژ بە پیاوان زیادی كردوە.

لای خۆشیەوە، عەمید لەمیعە محەمەد بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەگەرمیان، بە " وشە"ی راگەیاند، كۆی ئەو كەسانەی سكاڵایان تۆماركردوە گەیشتۆتە 535 كەس.

گووتیشی "بەراورد بە ساڵی 2015 حاڵه‌ته‌كانی توند و تیژی كەمی كردوە، بەڵام بە شوودانی كچی منداڵ زیادی كردوە، بۆ ئەوەش سوود لە دادگاكانی دەرەوەی سنووری گەرمیان وەردەگیرێت".

ئەو بەرێوەبەرە ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌ 2016 دا نزیكەی 50 كێشەی خێزانی براونه‌تە لیژنەی ئاشتەوایی لە دادگای كەلار كه‌ زیاتر لە نیوەی كێشه‌كان چارەسەر كراون.
 
"وشە" لەم به‌دواداچوونه‌یدا ئاشكرای كرد، لە كەمپی ئاوارەكانی سنووره‌كه‌ش هەوڵی بەكارهێنانی ئافرەتان دراوە بۆ بازرگانی كردن. بێستون ژاڵەیی، بەرپرسی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، كەسانی عەرەب له‌ نێو كه‌مپه‌كاندا ئافره‌تانیان بۆ بازرگان كردن به‌كارهێنابوو، به‌ڵام ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌ گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ ناوچەكانی خۆیان".

گەرمیان: سەبری هۆرینی 


وشە - عه‌لی سدیق