فەیسبووك لە رێی بەركاهێنەرانیەوە سیخوڕی بەسەر كۆمپانیا ركابەرەكانی دەكات

:: PM:03:48:13/06/2019 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی حوزەیران، كۆمپانیای فەیسبووك بەرنامەی " Study "یان خوێندنی راگەیاند، بە كردنەوەی هاوبەشیكردن لەو بەرنامەیە، ئەوا بەكارهێنەرانی لە بەرانبەر هەڵسەنگاندن و پێدانی زانیاری لەسەر بەرنامەی كۆمپانیا ركابەرەكانی فەیسبووك پارە وەردەگرن.

دوای ئەوەی كۆمپانیای فەیسبووك رووبەڕووی رەخنەیەكی توند بووەوە پاش ئەوەی هانی منداڵانی تەمەن خوار 13 ساڵانی دا بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی بەرنامە و ئەپی كۆمپانیاكانی ركابەری، بەوە تۆمەتبار كرا كە فەیسبووك منداڵانی بەكار هێناوە بۆ سیخوڕیكردن بەسەر بەرنامە و ئەپەكانی تر، لەسەر ئەمەش فەیسبووك بەرگری لەو كارە كرد كە ئەنجامی داوە و دەڵێ، ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە پێشتر رەزامەندییان نیشانداوە و پارەیان لە بەرانبەر وەرگرتووە.

 زیاتر گوتی "تەنانەت لەمەدا رەزامەندی باوانی منداڵەكانیش وەرگیراوە".

فەیسبووك ماوەیەك پێش ئێستە بەرنامەكەی راگرت دوای ئەوەی ئاستی ناڕەزایەتییەكان زۆر زیادی كرد، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بەرنامەیەكی تری خستە بازاڕ بە ناوی " Study " كە تەنیا لەسەر سیستمی ئەندرۆید كاری پێ دەكرێت.

بەرنامەكە تەنیا ئەو كەسانە دەتوانن بەكاری بهێنن كە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵیدایە، هەمان ئامانجی بەرنامەكەی پێشتری هەیە و دەیەوێت لەوە تێبگات كە هاووڵاتییان چۆن دەڕواننە بەرنامەكانی كۆمپانیا ركابەرەكانی.

كۆمپانیای فەیسبووك دەڵێ، ئەوانەی بەرنامەی " Study " دەخەنە سەر مۆبایلەكانیان داوای زانیاری كەسییان لێ ناكرێت، تەنانەت داوای وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی و نامەشی تێدا نییە.

كۆمپانیای فەیسبووك هێشتا دەستنیشانی نەكردووە بڕی ئەو پارەیە چەندە كە دەیدات بە بەشدارانی لە بەرنامە نوێیەكەیدا، ئەمەش لە كاتێكدایە بۆ بەرنامەكەی پێشتر كە ئێستە راگیراوە، مانگانە بڕی 20 دۆلاری دەدا بە بەكارهێنەرانی.


وشە - فه‌رمان سادق