هەڵەبجە یەكەمین دیداری بێسارانی هاتە سازدان

:: PM:04:08:13/06/2019 ‌
لە مەڵبەندی رۆشنبیری هەورامان یەكەمین دیداری بێسارانی شاعیری كورد هاتە سازدان، لە دیدارەكەدا وێڕای ئەوەی چەند وتارێك پێشكەش كران چەندان لێكۆڵینەوەی ئەدەبی لەسەر ژیان و دەقە شیعرییەكانی بێسارانی خرانە ڕوو گفتوگۆیان لەبارەوە لێ كرا .

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە تیشكی خستەسەر ژیان و بەرهەمە ئەدەبیەكانی بێسارانی و كاریگەری بێسارانی بەسەر شاعیرانی كلاسیكی پاش بێسارانی ڕۆڵی شاعیرانی كلاسیكی لەمێژووی ئەدەبی كورددا بەرز نرخاند.

لەبارەی ژیان و مردنی بێسارانی ئەیووب كوێخا سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە بەتەواوی یەكلا نەبووەتەوە ژیانی تەنانەت لە ناوی باوك و باپیری لەناو نووسەراندا ڕای جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بەرهەمە ئەدەبی و شیعرییەكانی ئەم شاعیرەیە كە چەند پێش سەردەم كەوتووە لە هۆنینەوەی شیعردا بووەتە مامۆستا و قوتابخانەیەك بۆ شاعیرانی دوای خۆی كە كاریگەری بەسەر ژمارەیەكی زۆر لەشاعیرانی  دوای خۆی جێهێشتووە.

  هێمای كرد مەلا مستەفای بێسارانی لە گوندی بێسارانی ناوچەی ژاوەرۆی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، لەناو نووسەران شارەزایانی مێژووی ئەدەبی كوردی ڕای جیاوازیان لە ساڵی لەدایكبوون وكۆچی دوایی و ناوی باوك و باپیری هەیە، هەندێكیان بە كوڕی مەلا قوتبەدین كوڕی مەلا شەمسەدین ناوی دەبەن و دەڵێن ساڵی ١٦٤٣ لە گوندی بێساران لە ناوچەی ژاوەرۆ (شارەدێی سەوڵاوا) لەدایك بووە بە فەقێیەتی فێری خوێندن و نووسین بووە.

هەڵەبجە/ شەفیق بانیشاری  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم