وەبەرهێنەرانی بیانی متمانەیان بە سلێمانی نییە

:: PM:04:28:13/06/2019 ‌
لەماوەی 10 ساڵدا وەبەرهێنەرانی بیانی بە بڕی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار پڕۆژەی وەبەرهێنانیان لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك ڕۆناوە. ئیمارات زیاترین سەرمایەی وەگەڕ خستووە و توركیا زۆرترین پڕۆژی ڕۆناوە. بەگوێرەی ئمارەکان، هەولێر پشكی شێری بەركەوتووه و وەبەرهێنەرانی بیانی هیچ پڕۆژەیەكیان لە پارێزگای سلێمانی بنیات نەناوە‌.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و سەقامگیری ئاسایشی كوردستان و كرانەوەی بەڕووی دەرەوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستەی وەبەرهێنان دامەزرێنرا و دەرگە بۆ وەبەرهێنی بیانی واڵا كرا، وەبەرهێنەران كە لە دۆخی كوردستان دڵنیا بوونەوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ دوو وەبەرهێنی لبنان دەركەوتن و بە گوژمەی ٧٣٥ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی پڕۆژەیەكی بانك و دانەیەكی گەشتیارییان لە هەولێری پایتەخت دەست پێ كرد، دوابەدوای ئەوان وەبەرهێنەرانی زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمەریكا هاتنە كوردستان، ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنەری بیانی هەڵكشان و ساڵ بە ساڵ بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەبوون و لە سێكتەرە جیاجیاكاندا سەرمایەكانیان دەخستە گەڕ، بەشێوەیەك لە ساڵانی بەر لە تەنگژەی دارایی ژمارەی پێوانەییان تۆمار كرد، كە لە ساڵی ٢٠١٢دا گەیشتە لووتكە و لەو ساڵەدا ١٠ پڕۆژه بە گوژمەی نزیك بە ٦٦٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ كرا، بەڵام تەنگژەی دارایی و شەڕی داعش تا ئاستێك وەبەرهێنەری بیانی لە كوردستان تۆراند، بەوپێیەی دواین مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنان مێژووەكەی دوو ساڵ لەمەوبەرە و ئێستە خەریكە لێرەولەوێ وەدەر دەكەونەوە.

بەپێی دواین ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا كۆتایی ٢٠١٦، واتا لە ماوەی ١٠ ساڵدا وەبەرهێنی بیانی ٤٣ پڕۆژەیان بە گوژمەی شەش ملیار و ٢٦ ملیۆن و ٥١١ هەزار و ٦٠٧ دۆلاری ئەمەریكی لە كوردستان بنیات ناوە و سەرمایەكانیان لە سێكتەرەكانی پیشەسازی، بازرگانی، بانك، كشتوكاڵ، گەشتیاری، تەندروستی، فێركردن و نیشتەجێبوون خستووەتە گەڕ.

ئەو وەبەرهێنەرە بیانییانەی ڕوویان لە كوردستان كردووە، لە وڵاتانی ئێران و توركیا و سووریا و كوێت و لبنان و ئیمارات و میسر و نیوزلەندا و جۆرجیا و ئەڵمانیا و سوید و بەریتانیا و ئەمەریكا و ڕووسیاوە هاتوون، تێیاندا توركیا بە ڕۆنانی ١٥ پڕۆژە، بە پلەی یەكەمی گرتووە و لبنان بە ١٠ پڕۆژە لە پلەی دووەمە و وەبەرهێنەرانی ئەمەریكاش بە وەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لە چوار پڕۆژەدا پلەی سێیەمیان گرتووە.

بەڵام لە وەگەڕخستنی سەرمایەی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، ئیمارات بە سێ ملیار و ٣١٤ ملیۆن و ٢١٦ هەزار دۆلاری ئەمەریكی پلەی یەكەمی لە لیستی وەبەرهێنەرانی بیانی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستانی گرتووە، توركیا بە زیاتر لە ملیارێك و ٢٣٧ ملیۆن و ٣٣٦ هەزار دۆلار لە پلەی دووەمە و لبنانیش بە نزیكی ملیارێك و ١٦ ملیۆن و ٢٨٢ هەزار دۆلار لە پلەی سێیەمدایە.

هەر بەپێی ئامارەكەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، وەبەرهێنەران زۆرترین پڕۆژەیان له سێكتەری پیشەسازی بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێك و ١٢٨ ملیۆن و ٤٣٠ هەزار دۆلار كردووە.

پڕۆژەكانی وەبەرهێنان سەرباری ڕەخساندنی هەلی كار و بە جووڵەخستنی بازاڕەكان، هۆكاری ئاوەدانی و گەشانەوەن بۆ ناوچەكە، بەڵام هەموو ئەو پڕۆژانە لە هەولێری پایتەخت و پارێزگای دهۆك ڕۆنراون و وەبەرهێنەرە بیانییەكان سەرمایەكانیان تەنیا لەو دوو پارێزگایە خستووەتە گەڕ، بەو پێیەی بەپێی داتاكانی دەستەی وەبەرهێنان لە ڕابردوودا مۆڵەتی تاقە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنەری بیانی لە سلێمانی هەبووە، بەڵام دواتر وەبەرهێنەرەکە پەشیمان بووەتەوە و مۆڵەتەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە.

داتاكەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان پێشانی دەدات، زۆرترین پڕۆژەكانی وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەولێری پایتەخت ڕۆنراوە، كە ژمارەیان ٣٣ پڕۆژەیە بە سەرمایەی چوار ملیار و ٦٢٦ ملیۆن و ٥٧٣ هەزار و ١٧٧ دۆلاری ئەمەریكی، لە پارێزگای دهۆكیش ١٠ پڕۆژە سەرمایەكەی یەك ملیار و ٣٩٩ ملیۆن و ٩٣٨ هەزار و ٤٣٠ دۆلارە.

 پڕۆژەكانی وەبەرهێنان ئەو پڕۆژانەن كە وەبەرهێن سەرمایەكەی لە پڕۆژه و سێكتەرە جیاكان لەسەر زەوی خۆی، یان حكوومەت بە كرێ یان بەشێوەی بانەوانی (مساتەحە) پێی دەدات، دەخاتە گەڕ و وەبەرهێن لە ڕۆنانی پڕۆژەكەیدا پێویستی بە یارمەتی حكوومەت نییە و بە سەرمایەكەی پڕۆژەكە بنیات دەنێت، سەرمایەدارانیش ئەوكاتە و لەو شوێنانە سەرمایەكانیان دەخەنە گەڕ كە ئاسۆیەكی ڕوون و ئایندەیەكی گەش بەدی بكەن و ئارامی و سەقامگیری ناوچەكەش بنەمای سەرەكین، بەڵام ڕوون نییە وەبەرهێنەرانی بیانی لەكام یەك لەو بنەمایانەی سنووری سلێمانی دڵنیا نین.

بەدواداچوونی/ چواس خالید



وشە - وشه‌