بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕای گەیاند، پێداچوونەوە بە ڕێنوێنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كراوە و بڕیاردرا بەنەهێشتنی رێژەی 70% كەمئەندامی بۆ مووچەخۆران.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13حوزەیران، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بە "وشە"ی ڕای گەیاند، وەك لیژنەی پێداچوونەوە بە رێنوێنییەكانی كەمئەندامان كۆبووینەوە و گفتوگۆ لەسەر تەواوی مادە و بڕگەكانی رێنوێنی ژمارەدووی ساڵی 2016 تایبەت بە كەمئەندامان كرا.
روونیشی كردەوە كە بڕیاردرا بەنەهێشتنی رێژەی 70% كەمئەندامی بۆ مووچەخۆران و كەمكردنەوە و هاوتاكردنی ئەم رێژەیە لەگەڵ رێژەی دانراو بۆ كەمئەندامانی تر.
چاوشین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە بڕیارەكانی ئەمڕۆ كەمكردنەوەی رێژەی كەمئەندامی لە بواری بیركۆڵی بۆ 60% و ئیفلیجی مێشك بۆ 65% و هێشتنەوەی رێژەكە لە بوارەكانی تر وەك خۆی.
پێوەست بە پێدانی مۆڵەتی بەخێوكردن بڕیاردرا بە، كەمكردنەوەی رێژەی كەمئەندامی لە 100% بۆ 85% ، هەروەها كەمتركردنەوەی ئەم ڕێژەیە بۆ 80% لە بوارەكانی ئوتیزم، داون، بیركۆل، ئیفلیجی مێشك و شیزوفرینیا.
هەروەك بڕیاردراوە گۆڕانكاری لە مەرجی تەمەنی منداڵ لە 12 ساڵیەوە بۆ شەش ساڵی كەمبكرێتەوە لەو تەمەنە تەنیا دایك بۆی هەیە خۆی تەرخان كات بۆ بەخێوكردنی منداڵ.