به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایى و پێڕه‌وكردنى سیاسه‌تى ئابووریى سه‌ربه‌خۆى زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، چه‌ندان قوتابیى زانكۆ كه تواناى دابینكردنى كرێى به‌شه ناوخۆیییان نییه، به‌ناچارى مۆڵه‌تى خوێندنیان وه‌رگرتووه.
كامه‌ران به‌ختیار یه‌كێك له‌و قوتابییانه‌ى به‌هۆى كه‌مده‌رامه‌تییه‌وه خوێندنى ئه‌مساڵى زانكۆى كردووه‌ته مۆڵه‌ت، به "وشه" ده‌ڵێ، "به‌هۆى نه‌بوونى تواناى دابینكردنى كرێى به‌شه ناوخۆیى، نه‌متوانیوه بخوێنم و ئه‌مساڵى خوێندنم كردووه‌ته مۆڵه‌ت".
كامه‌ران خه‌ڵكى رانیه‌یه و وه‌ك باسى ده‌كات ناوى له كۆلێژى ئه‌ده‌بیاتى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ناتوانێت كرێى به‌شه ناوخۆیى بدات و به‌و هۆیه‌وه مۆڵه‌تى له خوێندن وه‌رگرتووه.
ساڵانى پێش ته‌نگژه‌ى دارایى، خوێندكارانى زانكۆ و په‌یمانگه حكوومییه‌كان، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌خۆڕایى به‌شه ناوخۆیییان بۆ دابین ده‌كرا، هاوكات ده‌رماڵه‌یه‌كى مانگانه‌شیان پێ ده‌درا و له‌و رێگه‌یه‌وه درێژه‌یان به خوێندنه‌كه‌یان ده‌دا، به‌ڵام ئه‌مساڵ جگه‌له‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى خوێندن نییه، هه‌ر خوێندكارێك ده‌بێت 100 هه‌زار دینارى به‌شه ناوخۆییش بدات.
وه‌ك ئه‌و قوتابییه باسى ده‌كات، هه‌ر ئه‌و نییه كه بڕیارى داوه مۆڵه‌تى خوێندن وه‌ربگرێت، به‌ڵكو چه‌ندان هاوڕێى تر‌ى كه ئه‌مساڵ ناویان له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان هاتووه‌ته‌وه، ناچار بوون مۆڵه‌تى خوێندن وه‌ربگرن.
عه‌باس ئه‌كره‌م گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى خوێدنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، دواى ئه‌وه‌ى كه پڕۆژه‌ى ئابووریى سه‌ربه‌خۆى زانكۆ و په‌یمانگه‌كان له هه‌رێمى كوردستان ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر درا، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیار درا به وه‌رگرتنى پاره‌ى پێشه‌كى خوێندن بۆ قوتابییانى تازه هاتوو بۆ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنى بڕى 100 هه‌زار دینار بۆ قوتابییانى به‌شه ناوخۆیییه‌كان له شاره‌كاندا.
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى خوێدنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو، ئه‌و بڕیاره ته‌نیا بۆ قوتابییانى كه‌سوكارى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه ناگرێته‌وه كه به نووسراوى فه‌رمى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران به ڕێژه‌ى 100% به‌خشراون له هه‌موو قۆناغه‌كانى خوێندندا و هیچ پاره و كرێیه‌ك ناده‌ن.
هاوكات شوكریه شێخانى ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده و فێركردنى باڵا له په‌رله‌مانى كوردستان بۆ "وشه" ئاماژه به‌وه ده‌كات، له كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان داواى ئه‌وه كراوه كه وه‌زاره‌ته‌كان پشت به ئابووریى سه‌ربه‌خۆى خۆیان ببه‌ستن و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پڕۆژه‌یه‌كى ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كردووه له‌سه‌ر ئابووریى سه‌ربه‌خۆیى زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، دواتر پڕۆژه‌كه ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دراوه و چووه‌ته بوارى جێبه‌جێكردن .
شێخانى دووپاتى ده‌كاته‌وه، "ئاگه‌دارن چه‌ندان قوتابیى تازه هاتوو بۆ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، ئه‌مساڵى خوێدنیان كردووه‌ته مۆڵه‌ت كه ئه‌وه زیانى زۆر گه‌وره به پرۆسه‌ى خوێندن ده‌گه‌یه‌نێت و له ساڵانى داهاتوودا وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هه‌ست به زیانه‌كه‌ى ده‌كات".
شێخانى ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو "ئابووریى سه‌ربه‌خۆیى زانكۆكان كارێكى باشه و بارى سه‌ر شانى حكوومه‌ت تا ڕاده‌یه‌كى باش سووك ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌مه له كاتێكدا جێبه‌جێ بكرێت كه خه‌ڵك و قوتابییان بارى گوزه‌ران و ژیانیان باش بێت نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێسته له كوردستان و له ژیانى قوتابییان ده‌بینرێت".
شێخانى ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه له هه‌رێمى كوردستاندا زیاتر 150 هه‌زار ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگه‌كان هه‌ن كه تا ئێسته دانه‌مه‌زراون و هیچ ئاسۆیه‌كى ڕوونیش نییه بۆ دامه‌زراندنیان، ئه‌وه‌ش به زیانى پرۆسه‌ى خوێدن و پێشكه‌وتن كۆتای دێت.
هه‌رده‌وان نه‌قشبه‌ندى مامۆستا له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له‌وباره‌یه‌وه بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "وه‌زاره‌تى خوێدنى باڵا كاتێك ئه‌م بڕیارانه‌ى ده‌ركردووه، ڕه‌چاوى هه‌لومه‌رجى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیى قوتابییان و خه‌ڵكى نه‌كردووه به‌تایبه‌تى له بارودۆخى ئێسته‌دا كه هاووڵاتییان رووبه‌ڕووى ته‌نگژه‌ى ئابوورى بوونه‌ته‌وه".
نه‌قشبه‌ندى ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو، ڕۆژانه گوێ له خه‌مى قوتابییه‌كانى ده‌گرێت و ده‌زانێت له‌ناو چ بارودۆخێكى سه‌ختى ئابووریدا ده‌ژین.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌و بڕیارانه له‌م كاته‌دا دروست نییه و زیان به پرۆسه‌ى خوێندن و گه‌شه‌پێدانى توانا مرۆیییه‌كانى قوتابییان ده‌گه‌یه‌نێت.
وشه/ هه‌ولێر- هێمن ره‌فیق