دروستكردنی سێیەم گەورە بەنداوی هەرێمی كوردستان لە تەواوبووندایە

:: PM:02:40:15/06/2019 ‌

بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو بەنداوێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی كۆتایی پێ بێت و بە تەواوبوونی ئەو بەنداوە، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە سنوورەكە و ئێستەش بەشێكی كەم لە بەنداوەكە ماوە تەواو بێ.

ئەمڕۆ شەموو 15ی حوزەیران، ئەكرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاركردن لە بەنداوی دێوانە دەستی پێ كردووەتەوە و بەشێكی زۆر لە كارەكانی تەواو بووە و چاوەڕێ دەكەین پێش سەری ساڵ تەواو بكرێت و دەست بە گلدانەوەی ئاو بكرێت تێیدا.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بەنداوی دێوانە توانای گلدانەوەی 22 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت و بەرزی بەنداوەكە 42 مەترە و پانییەكەشی 260 مەترە و بڕی 24 ملیار دینار تێچووی پرۆژەكەیە و ئێستە 80%ی كارەكانی كۆتایی هاتووە و كاركردن تێیدا بەردەوامە، هەوڵ دەدرێت بۆ وەرزی باران لە كۆتایی ساڵ دەست بە گلدانەوەی ئاو بكرێت تێیدا.

"بەنداوەكە دەكەوێتە سەر چەمی دێوانە و لە وەرزی باران دەتوانرێت سوودێكی زۆر لەو بەنداوە وەربگیرێت و لەڕووی كشتوكاڵ و سامانی ماسی وەك بەنداوەكانی تر سوود لە بەنداوی دێوانە وەردەگیرێت، شوێنی بەنداوەكە ستراتیجییە بۆ ئاو بەوپێیەی دەكەوێتە سەر چەمەكە". ئەكرەم ئەحمەد وای گوت.

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، هاووڵاتییانی دەربەندیخان دەتوانن لەپاڵ بەنداوی دەربەندیخان سوود لەو بەنداوە وەربگرن بە تایبەت بۆ ئاوی خواردنەوە.

لەگەل تەواوبوونی، بەنداوی دێوانە دەبێتە سێیەمین گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان، لە دوای بەنداوی دووكان و دەربەندیخان كە ئێستە گەورەترین بەنداون بۆ گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی كوردستان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان