پیشه‌ى نوێ داهات بۆ دوولایه‌ن دابین ده‌كات
كاركردنى منداڵ و مێرمنداڵ له شوێنه‌كانى فرۆشتنى ئایسكرێمه‌كان و له‌به‌ركردنى جلى بووكه‌ڵه‌كان، سه‌رنجى منداڵان ڕاده‌كێشێت و خاوه‌نى ئایسكرێمه‌كانیش ئاشكراى ده‌كه‌ن كه به‌هۆى ئه‌و بووكه‌ڵانه ڕێژه‌ى فرۆشتن %500 زیادى كردووه.
زێبار سۆران مێرمنداڵێكى ته‌مه‌ن 14 ساڵه و له شه‌قامى 100 مه‌تریى شارى هه‌ولێر جلى بووكه‌ڵه‌ى "مارشا"ـى له‌به‌ر كردووه، ئه‌و به‌و جله دڵى منداڵان خۆش ده‌كات و ده‌ڵێ، ڕۆژانه هه‌شت سه‌عات له‌گه‌ڵ منداڵان خه‌ریكى یارییه، به‌ڵام یاریكردن له‌ناو جلێكى بووكه‌ڵه.
ئه‌و مێرمنداڵه بۆ "وشه" گوتى، "دڵم به‌وه خۆشه كه جلێكى بووكه‌ڵه‌م له‌به‌ر كردووه و هه‌فتانه‌ش بڕى 90 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرم و ڕێى له خوێندنه‌كه‌شم نه‌گرتووه، چونكه ئێواران سه‌عات پێنج دێم و سه‌عات 12 یان یه‌كى شه‌و كاره‌كه‌م ته‌واو ده‌بێت، له هه‌ندێك كاتیش پشوو ده‌ده‌م".
"كه‌س نییه هێنده‌ى من ناسراو بێت و ڕۆژانه خه‌ڵكێكی زۆر وێنه‌م له‌گه‌ڵ ده‌گرن و بڵاوى ده‌كه‌نه‌وه له كه‌ناڵه‌كانى ته‌له‌ڤزیۆن، هه‌رچى وێنه‌ى منداڵانه و بڵاو ده‌بێته‌وه، به‌شێكى زۆریان وێنه‌یان له‌گه‌ڵ من گرتووه". زێبار واى گوت.
سامان ته‌ڵعه‌ت خاوه‌نى چوار لقى فرۆشتنى ئایسكرێمه له هه‌ولێر، ئه‌و زیاتر له 16 كه‌س كارى بۆ ده‌كه‌ن كه كاره‌كه‌یان بووكه‌ڵه‌یه و له به‌رده‌م دووكانه‌كانى هانى كڕیاران و منداڵان ده‌ده‌ن بۆ كڕینى ئایسكرێم. ئه‌وان داوا له دایك و باوكانی منداڵان ده‌كه‌ن ئۆتۆمبێله‌كانیان بوه‌ستێن و ئایسكرێم بكڕن.
سامان بۆ "وشه" ئاشكراى ده‌كات، "پێشتر ته‌نیا كارگوزار و به‌رده‌ستمان هه‌بوو، هیچ گرنگییه‌كمان به بووكه‌ڵه‌كان نه‌ده‌دا، به‌ڵام ئێسته هه‌ر لقێكى نوێ بكه‌ینه‌وه، له‌ناو پلانه‌كانماندا پاش دیاریكردنى شوێن و جۆرى ئایسكرێم، بیر له جلى بووكه‌ڵه‌ى نوێ ده‌كه‌ینه‌وه".
"ئێسته كڕیارێكى زۆر ڕوومان تێده‌كه‌ن و به‌شى زۆریان به‌هۆى بووكه‌ڵه‌كانه، چونكه پێشتر له دووكانێك ڕۆژانه 300 ئایسكرێمى جۆراوجۆرمان ده‌فرۆشت، ئێسته به‌هۆى ئه‌و بووكه‌ڵانه ڕۆژانه زیاتر له هه‌زار و 500 ئایسكرێمى جۆراوجۆر ده‌فرۆشین". سامان واى گوت.
به‌گوته‌ى ئه‌و كاسبكاره، پێشتر له هه‌ر چوار لقه‌كه 20 كارمه‌ندى هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته به‌هۆى باشبوونى بازاڕ زیاتر له 42 كارمه‌ندى هه‌یه، جگه له كه‌سانى ناو بووكه‌ڵه‌كان كه تێكڕاى نزیكه‌ى 60 كارمه‌ند ده‌بن، هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێى كارى خۆی و پیشه‌ى خۆى، پاره‌ى پێ ده‌درێت.
سامان ئه‌وه‌شى روون كرده‌وه كه بیرۆكه‌ى بووكه‌ڵه‌كان له‌لایه‌ن مامۆستایه‌كى زانكۆ بۆى پێشنیار كراوه، سه‌ره‌تا به‌هه‌ندى وه‌رنه‌گرتووه، ڕۆژێك له بازاڕی له‌نگه دوو بووكه‌ڵه‌ى كڕیوه، كه‌چى به‌هۆى زۆرى خواست، ئێسته زیاتر له 100 بووكه‌ڵه‌ى هه‌یه، به‌پێى خشته‌ى دیاریكراو ڕۆژانه كارمه‌نده‌كانى ده‌یپۆشن و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ڕێكلامى بۆ ده‌كه‌ن.
هه‌رچى سه‌ندیكا و ناوه‌نده‌كانى تایبه‌ت به ده‌سته‌به‌رى و ڕێكارى كاركردن به‌و مێرمنداڵانه‌یه، ئاشكراى ده‌كه‌ن كه له هه‌ندێك كات و كار ڕێ دراوه به‌كارى هه‌ندێك له منداڵان.
حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان گوته‌بێژى سه‌ندیكاى كرێكاران و ده‌سته‌به‌رى كڕێكاران بۆ "وشه" گوتى، "ڕاسته كاركردن به‌پێى یاسا له خوار 18 ساڵ ڕێ پێنه‌دراوه، به‌ڵام هه‌ندێك كار هه‌یه ئاساییه و له‌گه‌ڵ تواناى ئه‌و كه‌سانه یه‌كده‌گرێته‌وه".
زیاتر ڕوونى ده‌كاته‌وه، ئه‌و كه‌سانه ده‌سته‌به‌ر ناكرێن و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیش نایانگرێته‌وه، ده‌نا ئێمه سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه‌مان كردووه و لارییان نه‌بووه له ده‌سته‌به‌ركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى لایان كار ده‌كه‌ن كه مێرمنداڵن.
"هه‌ندێك كار هه‌ن له‌گه‌ڵ تواناى ئه‌و كه‌سانه‌دا گونجاون، بۆیه ڕێگرى ناكرێت له‌كاركردن پێیان وه‌ك كارى ئه‌و بووكه‌ڵانه و كاركردن له ماركێت و چه‌ند جۆره كارێكى تر". حه‌سه‌ن واى گوت.
هه‌وار كه‌یفى سه‌رۆكى ڕێكخراوى كار و خۆبژێوى باس له‌وه ده‌كات، ئه‌و مێردمنداڵانه ئێسته هه‌یانه بژێوى ماڵێك دابین ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یش باشى و خراپى دوولایه‌نه.
هه‌وار بۆ "وشه" ئه‌وه‌شی گوت، سه‌ردانى یه‌كێك له‌و خێزانه‌مان كردووه له شارى هه‌ولێر كه كوڕێكى ته‌مه‌ن 16 ساڵ كارى ناو بووكه‌ڵانه‌كه ده‌كات، مانگانه بڕى 600 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت و كاركه‌رى ماڵیان نییه ته‌نیا ئه‌و نه‌بێت، به‌و پاره‌یه دایك و خوشكێكى ده‌ژێنێت و خه‌ریكى خوێندنیشه".
"كاركردن بۆ كه‌سێك له‌و ته‌مه‌نه تا سه‌عات یه‌كى شه‌و شیاو نییه، به‌ڵام كاتێك خه‌ریكى خوێندنیشه، ئه‌وه‌یش لایه‌نێكى باشه، بۆیه ئێمه به‌رده‌وام چاودێرى ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ین كه خه‌ریكى ئه‌و كارانه و ته‌مه‌نیان له خوار 18 ساڵه، ڕێگریش ده‌كه‌ین له پێشێلكردنى مافه‌كانیان". هه‌وار واى گوت.
هه‌رچى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤه ئه‌و كاره‌ى منداڵان ئاساییه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ تواناكانیان بگونجێت و له‌سه‌رووى هێز ئه‌وان نه‌بێت.
محه‌مه‌د گۆمه‌شینى گوته‌بێژى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان بۆ "وشه" گوتى، ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و كاره ده‌كه‌ن ته‌مه‌نیان 15 بۆ 17 ساڵه بۆیه به‌پێى كارى پێویست و تواناى كاركردن و سوود وه‌رگرتن له‌و كه‌سانه ڕێگه پێدراوه.
" ئه‌و كاره‌ى ئه‌و مێرمنداڵانه ده‌یكه‌ن ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ تواناكانیان بگونجێت ڕێگه پێدراوه و ئه‌وه له زۆرێك له وڵاتان هه‌یه و لێره‌ش تاوه‌كو ئێسته نه‌بۆته حاڵه‌تێكى هێنده به‌رفراوان" ئه‌وا گوته‌بێژى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ واى گوت.
هه‌رچى توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تییه ئاشكراى ده‌كات بوونى هاندان له ته‌مه‌نێكى دیارىكراو بۆ مێرمنداڵ كارێكى باشه و ئه‌گه‌ر پشت به‌خۆى ببه‌ستێت له‌ڕووى ئابوورییه‌وه ئه‌وا كه‌سێكى نموونه‌یی ده‌بێـ.
دلاوه‌ر له‌تیفى توێژه‌ر بۆ "وشه" ئاشكراى كرد" به‌شێك له مێرمنداڵان ساڵانه له هه‌رێمى كوردستان له وه‌رزى هاویندا كار ده‌كه‌ن ئه‌وه كارێكى باشه ئه‌گه‌ر كاره‌كه له‌سه‌رووى تواناى خۆیان نه‌بێت و بتوانن كاره‌كه بكه‌ن".
" كه‌سایه‌تى تاك دروست ده‌بێت و داهاتى خۆى ده‌بێت ئه‌گه‌ر بتوانێت خۆى كار بكات، به‌ڵام پێویسته كاره‌كه كارنه‌كاته سه‌ر تواناكانى له‌ڕوووى جه‌سته‌یى و ده‌روونى و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ش دانه‌بڕێت ئه‌وا كارێكى نموونه‌ییه، نابێت كاره‌كه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر كه‌سایه‌تى دروست بكات" ئه‌وا ئه‌و توێژه‌ره واى گوت.