شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌كانى توركیا و سوپاى ئه‌سه‌د رووى دا

:: PM:01:03:16/06/2019 ‌
وه‌زاره‌تى به‌رگرى توركیا راى گه‌یاند، هێزه‌كانى سه‌ر به‌ رژێمى ئه‌سه‌د هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى توركیا له‌ ئیدلب و ده‌ستبه‌جێیش هێزه‌كانى توركیا به‌رپه‌رچیان داوه‌ته‌وه‌.
 
وه‌زاره‌تى به‌رگرى توركیا له‌ راگه‌یاندراوێك ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 16ى حوزه‌یران كه‌ له‌ ئاژانسى ئه‌نادۆڵ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ئاشكراى كردووه‌ كه‌ جارێكى تر هێزه‌كانى سه‌ر به‌ رژێمى ئه‌سه‌د له‌ شارى ئیدلبى باكورى رۆژئاواى سووریا هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى سه‌بازى كه‌ بۆ چاودێرى له‌ شاره‌كه‌ دانراون.
 
له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى توركیا هاتووه‌،  هێزه‌كانى رژێمى سووریا كه‌ له‌ ناوچه‌ى ته‌ل قازان جێگیر كراون چه‌ندان مووشه‌كیان ئاراسته‌ى بنكه‌یه‌كى چاودێرى توركیا كردووه‌ له‌ ئیدلب. دواتریش ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانى توركیا وه‌ڵامى هێرشه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه‌. جارێكى تریش هاوشێوه‌ى هێرشه‌كه‌ى پێشوو توركیا یاداشتى ناڕه‌زایى به‌ مۆسكۆ داوه‌.

 وه‌زاره‌تى به‌رگرى توركیا ده‌ڵێ هیچ زیانێكى گیانى له‌ هێرشه‌كه‌ى رژێمى سووریا نه‌بووه‌، ته‌نیا زیان به‌ر كۆمه‌ڵێك پێدوایستى بنكه‌كه‌ گه‌یشتووه‌.

هه‌فته‌ى رابردوو سوپاى رژێمى ئه‌سه‌د بۆ جارى یه‌كه‌م هێرشى كرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى چاودێرى توركیا. به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنێكى نێوان توركیا و رووسیا و ئێران، توركیا زیاتر له‌ 10 بنكه‌ى چاودێرى سه‌ربازى له‌ ئیدلب هه‌یه‌.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل