سه‌رۆكی توركیا جارێكی تر ئاڵنگاریی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و واده‌ی گه‌یشتنی دژه‌مووشه‌كی ئێس 400 ڕاده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌مه‌ش ڕێك پێچه‌وانه‌ی دوایین داوای واشنتنه كه به ته‌واوی خه‌تی سووری بۆ دانابوون.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م (16ی حوزه‌یران) ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا ڕای گه‌یاند، پێشبینی ده‌كه‌ین له نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی ته‌مووزی داهاتوو، دژه‌مووشه‌كی ئێس 400ی ڕووسی ده‌گاته توركیا و هه‌موو ڕێوشوێنه‌كان به‌پێی پێویست به‌ڕێوه ده‌چن.
هه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنی "ئێن تی ڤی" توركی، كه گوتاری ئه‌ردۆغانی بڵاو كرده‌وه، ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو دوای ئه‌وه‌ی له تاجیكستان هاتووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه داوه، له‌وێ له‌سه‌ر بابه‌تی ئه‌و دژه‌مووشه‌كانه گفتوگۆی نوێیان له‌گه‌ڵ ڕووسیا كردووه و هه‌موو شتێكیش به‌پێی پلانی خۆی ده‌ڕۆن و بابه‌ته‌كه تازه هیچ پاشه‌كشه‌یه‌كی لێ ناكرێ.
ڕۆژی پێنجشه‌می ڕابردوو مه‌ولوود چاوش‌ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وه‌ڵامی دوایین هۆشدارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای دایه‌وه و گوتی، وڵاته‌كه‌ی هه‌رگیز له سیستمی دژه‌مووشه‌كی ئێس 400 پاشگه‌ز نابێته‌وه و ئه‌و بابه‌ته بڕاوه‌ته‌وه.
ئه‌مه‌ش وه‌ڵامی كاترین ویلبارگر جێگری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ته‌ناهیی نێوده‌وڵه‌تی بوو، جارێكی تر هێمای بۆ سزادانی توركیا كرد ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی زیاتر به‌ره‌و گرێبه‌سته چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ببات، ئه‌و گرێبه‌سته‌ی لای ئه‌مه‌ریكا هێڵی سووره كه بریتییه له كڕینی دژه‌مووشه‌كی ئێس 400 و گوتی: هێشتا ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م توركیادا ماوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و گرێبه‌سته پاشگه‌ز ببنه‌وه، له به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا هاوكاریی ئابوورییه‌كه‌یان ده‌كات و له‌م ته‌نگژانه‌ی هه‌یانه، ڕزگاریان ده‌كات.
جێگری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ته‌ناهیی نێوده‌وڵه‌تی ئامۆژگاریی توركیای كرد گوتی، ده‌بێ ئه‌وه بزانن كه ڕووسیا ناكرێ وه‌ك هاوبه‌ش ته‌ماشا بكرێن و متمانه‌یان پێ بكات، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئێسته له پارێزگای ئیدلبی سووری ڕوو ده‌دات كه پێچه‌وانه‌ی ڕێككه‌وتنی پێشووی مۆسكۆ و ئه‌نكه‌ره‌یه.
كۆتایی مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2017 میدیاكانی توركیا ڕایان گه‌یاند، ئه‌نكه‌ره و مۆسكۆ دوا واژووی گرێبه‌ستی كڕینی سیستمی مووشه‌كیی S-400 ته‌واو ده‌كه‌ن كه به بڕی دوو ملیار و 500 هه‌زار دۆلار، ڕووسیا چوار سیستمی مووشه‌كیی S-400 به توركیا ده‌فرۆشێ، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئه‌مه‌ریكا خستییه سه‌ر توركیا و هه‌ندێك كێشه كه ڕووسیا دروستی كرد، جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی تا ئێسته دوا كه‌وتووه، وێڕای ئه‌وه‌ی توركیا زۆربه‌ی پاره‌كه‌شی داوه، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتن، تا سێ ساڵی تر وه‌ری نه‌گرن.
به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له نێوانیان كراوه، یه‌كه‌م دانه له‌و چوار سیستمه مووشه‌كییه‌ی ڕووسیا به‌ته‌مایه به توركیای بفرۆشێ، له ئاداری ساڵی 2020 ده‌گاته یه‌كه‌ی سه‌ربازیی توركیا و ئیتر له‌و كاته‌وه توركیا ده‌بێته یه‌كێك له زلهێزه‌كانی چه‌كی قورس له دنیادا، چونكه ئه‌و سیستمه مووشه‌كییه، ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هه‌موو وڵاتانی چوارده‌وری.
یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی هاوپه‌یمانیی ناتۆ ئه‌وه‌یه، ئه‌وان پێشوه‌خته له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتوون كه نابێ هیچ وڵاتێكی ئه‌ندام هه‌ڵگری چه‌كی ڕووسی بێت و نابێ هیچ گرێبه‌ستێكی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته واژوو بكات، بۆیه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا به لادان له پێڕه‌وی واژووكراوی نێوانیان داده‌نێن.
سه‌ره‌تای ئه‌م گرێبه‌سته‌ی نێوان توركیا و ڕووسیا بۆ كڕینی سیستمی مووشه‌كیی S400، دوای هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نكه‌ره دێت به ڕووی مۆسكۆ، له ئه‌نجامی ئه‌و پشتگوێخستنه‌ی ئه‌مه‌ریكا له دوای كۆده‌تا شكستخواردووه‌كه كردیان.
وه‌ك له ڕاپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی ته‌له‌ڤزیۆنی "ئه‌لعه‌ره‌بییه"دا هاتووه، لێدوانیان له به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وه‌رگرتووه، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای خۆی ناوی نه‌هاتووه، ده‌ڵێ: وڵاتانی ناتۆ پێویسته ئه‌و جۆره چه‌ك و كه‌ره‌سته سه‌ربازییانه بكڕن كه ده‌توانرێ له كاتی پێویستدا گۆڕینه‌وه‌ی پێ بكرێ، سیستمی ڕووسی له‌لایه‌ن هیچ ئه‌ندامێكی ناتۆ به‌پێی ڕێككه‌وتنی پێشتر به‌كار نایه‌ت، بۆیه ناكرێ به ته‌نیا وڵاتێك به‌كاری بهێنێ كه هیچ سوودێكی بۆ كۆی گشتیی ئه‌ندامانی ناتۆ نابێ.
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییه هۆشداری دا، توركیا ئه‌گه‌ر ئه‌و سیستمه مووشه‌كییه‌ی بكه‌وێته ده‌ست، به‌ڵێنی پێ ده‌ده‌ین كه تووشی سزا ده‌بێ.
له ماوه‌ی ساڵانی 2013 تا 2017، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هه‌وڵێكی له‌گه‌ڵ توركیا دا بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی مووشه‌كیی ئێس 400ی ڕووسی نه‌كڕێ، به‌ڵام ئه‌وان سوور بوون له‌سه‌ر واژووكردنی گرێبه‌سته‌كه، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی توركیا ئه‌و گرێبه‌سته نه‌كات، ئه‌مه‌ریكا ڕازی بوو سیستمی F35ی پێ بفرۆشێ كه به‌هێزترین و گرانترین و پێشكه‌وتووترین سیستمی فڕۆكه‌وانیی سه‌ربازییه له دنیادا.
مووشه‌كی S400ی ڕووسی، سیستمێكی هێرشبردن و به‌رگریی مووشه‌كییه كه له یه‌كه‌یه‌كی چڕی هه‌مه‌كردار پێك دێت، له ساڵانی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو گه‌شه‌ی پێ درا، ئێسته پڕفرۆش‌ترین یه‌كه‌ی سه‌ربازییه كه سوپای وڵاتان پشتی پێ ده‌به‌ستێ و دواجاریش سعوودیه گرێبه‌ستێكی مێژوویی له‌گه‌ڵ ڕووسیا به كڕینی ژماره‌یه‌ك له‌و یه‌كه‌یه واژوو كرد.