بەهۆکارێکی نادیار ئاگر لە پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی مریشک و جوجکە لە
شارەدێی سەرسنکی سەر بە ئامێدیکەوتەوە و لە ئەنجام دا زیاتر لە 400 جوجکە
مریشک سووتان.
ئەمڕۆ یەکشەم 16ی حوزەیران، بێوار عەبدولعەزیز بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بە
"وشە"ی راگەیاند، بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی
مریشک و جوجکە کەوتەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لە ئەنجامی ئەو ئاگرە زیاتر لە 400 جوجکەی
مریشک سووتان و بەشێکی پروژەکەش بە تەواوەتی سووتاوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی سەر بە
بەرگری شارستانی ناوچەکە توانییان بەشێکی زوری مریشکەکان رزگار بکەن و ئاگرەکەش
کونترۆل بکەنەوە.
بەپێی داتاکانی بەرگری شارستانی دهۆک لە ماوەی 12 سەعاتی رابردوو لە
سنووری پارێزگای دهۆک پێنج رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویداوە، بەشێک لەو رووداوانە
زیانی ماددی لێ کەوتۆتەوە و بەشێکی تریش پوشوپاوەنی سووتاندووە.
ئامێدی/ نەوزاد هلۆری