ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 16ى حوزه‌یران، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ڕای گه‌یاند، له ڕانیه كارمه‌ندێك له كاتی كاركردندا به چه‌ك بریندار كراوه و به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه ڕه‌وانه‌ی سلێمانی كراوه.
له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه تێدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ئاشكراى كردووه كه پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 16ی حوزه‌یران، بریندارێك گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه‌ی گشتی ڕانیه به ناوی "س.ك" ته‌مه‌ن 34 ساڵ.
زیاتر هاتووه، ئه‌و كه‌سه كارمه‌ندی كۆمپانیای گارێكسه له ڕانیه و برینی چه‌كی جۆری تاپڕ به جه‌سته‌یه‌وه هه‌بووه و به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌ی هه‌واڵه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی كراوه.
ئاماژه‌یش به‌وه دراوه، به‌گووته‌ی خۆی له‌كاتی كاركردن به‌هۆی ده‌مه‌قاڵێ له‌لایه‌ن كارمه‌ندێكی تری كۆمپانیاكه به چه‌كی جۆری تاپڕ هێرشی كراوه‌ته سه‌ر و برینداری كردووه.
پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ڕای گه‌یاندووه، كه مه‌له‌فی لێكۆڵینه‌وه بۆ ڕووداوه‌كه كراوه‌ته‌وه و فه‌رمانی گرتن بۆ تۆمه‌تبار به‌پێی ماده‌ی 413 له یاسای سزادانی عیراقی ده‌رچووه و لێكۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌كه به‌رده‌وامه.