هەر جووتیارێكی كورد گەنمی سووتابێت قەرەبوو دەكرێتەوە

:: PM:09:13:16/06/2019 ‌

لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت تا ئێستە دیار نییە چەند دۆنم زەوی كشتووكاڵی جووتیاران سووتاوە و ئێستە راپۆرت ئامادە دەكەن بۆ قەرەبووكردنەوەی جووتیارانی كورد, ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دووپاتی كردەوە هەر جووتیارێك گەنمی سووتابێت قەرەبوو دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم شوان كەریم, جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, تا ئێستە راپۆرتێكی ورد لە بارەی رێژەی سووتانی گەنمی جووتیاران ئامادە نەكراوە و ئەو ئامارانەشی باس لە سووتانی ٣٠ بۆ ٧٠ هەزار دۆنم گەنم دەكەن لە سنووری پارێزگاكانی كەركووك و سەڵاحەدین و مووسڵ ئامارێكی نافەرمییە.

زیاتر گوتی, ئامارێك ئەگەر ئاماژەی پێ بكرێت وەك لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان پێمانوایە بە هەزاران دۆنم زەوی سووتاوە، بەڵام بە ژمارەی فەرمی نییە, وەك لیژنەی كشتوكاڵ دوو سبەی كۆ دەبینەوە و راپۆرتێك بەرز دەكەینەوە لە بارەی قەرەبووكردنەوەی جووتیارانی زەرەرمەند كە گەنمیان سووتاوە.

ئەو جووتیارە كوردانەی لە سنووری گەرمیان و هەڵەبجە گەنمەكانیان سووتاوە, راپۆرت بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەرز دەكەینەوە بۆ ئەوەی بدرێتە حكوومەت و قەرەبووی ئەو جووتیارانە بكرێتەوە, شوان كەریم وای گوت.

لای خۆیەوە شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند, لیژنەیەكی هاوبەشی پەرلەمانی عێراق كە لە لیژنەكانی بەرگری و ناوخۆ و كشتوكاڵ و پارێزگاكان پێكهاتووە بۆ خەمڵاندنی زیانی جووتیاران كە ئەمساڵ تووشیان بووە.

زیاتر گوتی, لە بودجەی گشتی ئەمساڵ دوو تریلیۆن دینار بۆ بودجەی فریاكەوتن دیاری كراوە, سووتانی گەنمی جووتیاران لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەدایە و لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق زیانەكان دیاری دەكات و دواتر لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت و لە رێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی حكومەتی عێراق دەكرێت و بریار لەسەر قەرەبووكردنەوەیان دەدرێت.

میرزا دووپاتی كردەوە، ئەو جووتیارانەی كە لە سنووری سێ پارێزگاكەی هەرێم گەنمیان سووتاوە و زیانیان كردووە، بودجەی فریاكەوتنی عێراق دەیانگرێتەوە و قەرەبوو دەكرێنەوە.

شایەنی باسە ئەمساڵ لە چەند ناوچەیەكی سنووری مادەی ١٤٠ گەنمی جووتیارانی كورد سووتێنراو بەوهۆیەوە زیانیان بەركەوتووە و بە پێی ئامارە نافەرمییەكانیش لە نێوان ٣٠ بۆ ٧٠ هەزار دۆنم زەوی چێنراو بە گەنم سووتاوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل