عێراقییەكان پێشەنگن لە كڕینی خانووبەرە لە ئوردن

:: PM:09:51:16/06/2019 ‌
جارێكی تر عێراقییەكان لە پلەی یەكەم مانەوە لە وەبەرهێنانی خانووبەرە لە ئوردن، ئەمەش لە كاتێكدایە ئوردنییەكان هەوڵی زۆر دەدەن تا رێككەوتنە نووسراوەكانیان لەگەڵ عێراق جێبەجێ بكەن.

بەگوێرەی ئامارەكانی فەرمانگەی گشتی ئاماری ئوردنی، عێراقییەكان لە ئوردن لە پلەی یەكەم دێن لە وەبەرهێنان و كڕینی خانووبەرە بە بەراورد بە خەڵكی بیانی لە وڵاتەكەدا.

رۆژنامەی "قودسی عەرەبی"، لە راپۆرتێكیدا بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمانگەی گشتی ئاماری ئوردنی ئاشكرای كردووە، عێراقییەكان لە ماوەی پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 285 خانووی نوێیان لە ئوردن كڕیوە، دوای ئەوانیش سعوودییەكان دێن بە كڕینی 223 خانوو، ئینجا فەڵەستینییەكانی بەشی غەزە دێن بە كڕینی 168 خانوو، دوای ئەوەی حكوومەت رێگەی بەناوكردنی خانووەكانیانی پێ دان.

سەلامە حەما وەزیری ناوخۆی ئوردن دەڵێ، رێگەدان بە فەڵەستینییەكانی بەشی غەزە كە خانوویان لە ئوردن بەناو بكرێت، بەشێكە لە پلانێكی قووڵی حكوومەت بۆ دابینكردنی كەشێكی ئارام لەناو وڵات.


بەگوێرەی راپۆرتەكە، هۆكاری رووكردنە عێراقییەكان بۆ ئوردن و بەتایبەت سێكتەری خانووبەرە، ئاماژەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە پشتە و هێشتا سەرمایەی عێراقییەكان كاریگەری هەیە لە ئوردن، بە دیوەكەی تریش ئەوە دەردەخات كە خێزانە عێراقییەكان هەوڵی دەستەبەركردنی شوێنێكی سەقامگیر دەدەن لە نزیكترین ناوچە لێیان، بۆ ئەمەش ئوردن گونجاوترینە.

عەلی قەیسی بازرگانێكی عێراقی دانیشتووی ئوردنە، ئەو دەڵێ، ماوەی پێنج ساڵە عێراقییەكان لە پێشەوەی بیانییەكانن لە كڕینی خانووبەرە لە ئوردن، چ ئەوانەی بە ناچاری روو لە ئوردن دەكەن، یان پیاوانی بازرگان، تەنانەت ئەوانەشی لە ئەوروپان هەمیشە دەیانەوێت خانووێكیان لە ئوردن هەبێت كە بەشی زۆری هۆكاری كۆمەڵایەتی لە پشتەوە هەیە.

بەگوێرەی ئامارەكانی فەرمانگەی ئاماری ئوردنی، 18%ی كڕیارانی خانووبەرە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو عێراقی بوونە، ئەمەش لە كاتێكدایە سێكتەری خانووبەرە لە ئوردن لە داكشانێكی گەورەدایە و ئێستە 40 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەو وڵاتە لە دروستكردندایە و كە وەبەرهێنەكە لەسەر زیان تەواویان دەكات.

راپۆرتەكە دووپات لەوە دەكاتەوە كە گرنگیدانی عێراقییەكان بە سێكتەری خانووبەرەی ئوردنی ئاماژەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە پشتە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا عێراق و ئوردن 15 رێككەوتنی جۆراوجۆری ستراتیجیان ئەنجام دا.

بەڵام سەرۆك وەزیرانی ئوردنی دەڵێ، رێككەوتنەكان هیچی لێ جێبەجێ نەكراوە بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەی عێراق تێی كەوتووە، تا دێت دۆخەكەش ئاڵۆزتر دەبێت بە هۆی ناسەقامگیری سیاسی لە هاوكێشەی حوكمڕانی لە عێراق.

 ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەمەشدا عێراقییە نیشتەجێیەكانی ئوردن بەردەوامن لە كڕینی خانووبەرە، ئەگەرچی هەموو ئاماژەكان نەرێنین.


وشە - فه‌رمان سادق