بومەلەرزەییەك كۆیەی هەژاند

:: AM:09:06:17/06/2019 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەییەك شارۆكەی كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێری هەژاند و هاووڵاتیان هەستیان پێ كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان هاتووە، لە شارۆكەی كۆیە بومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.1 پلە بەپێوەری رێكختەر رووی داوە.

بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، سەعات پێنج و  44 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ بەكاتی هەولێر بومەلەرزەیەك بەگوڕی 3.1 پلە بەپێوەری رێكختەر تۆمار كراوە.

ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، بوومەلەرزەكە بە قوڵایی هەشت كیلۆمەتر بە دوری 22  كیلۆمەتر  لە دووری كۆیە رووی داوە و لە چەند شوێنێك هەستی پێ‌ كراوە.

ڕوودانی ئەو بومەلەرزەیە و تۆماركردنی لە شارۆكەی كۆیە لە كاتێكە هەرێمی كوردستان ناكەوێتە سەر هیچ هێلێكی بومەلەرزە و ساڵی 2017 كۆمەڵێك بومەلەرزە ڕوویدا بەوهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی بوونە قوربانی و ژمارەیەكیش برینداربوون.

شارۆكەی كۆیە بە دووریی 71 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و ژمارەی دانیشتوانی 119 هەزار هاووڵاتیە.





وشە - رامیار جەواد