بانکی رافیدەین: گرەنتی هەبێت قەرز بە هاووڵاتییانی کوردستان دەدەین

:: AM:09:24:17/06/2019 ‌
19 قەرزی جۆراوجۆر بە عێراقییەكان دەدات..

بانكی رافیدەین 19 پێشینە و قەرزی جۆراوجۆر بە فەرمانبەران و هاووڵاتییانی عێراقی دەدات و هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش دەكات. گوتەبێژی بانكەكە دەڵێ، گرەنتییان نییە قەرزەكانیان لە كوردستان وەربگرنەوە، بەڵام هەوڵ دەدەن لق لە كوردستانیش بكەنەوە. پەرلەمانتارانی كورد لە لیژنەی دارایی وێڕای پشتڕاستكردنەوەی گرەنتی بانكەكە، بەپێویستی دەزانن پێوەندییەكان لە دیوە ئابوورییەكەشی لەگەڵ بەغدا باشتر بكرێت. شارەزایەكی ئابووری پێی وایە ئەگەر ئەو هەنگاوە بنرێت، ئەوا بارگرانییەكی زۆریش لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەگرێت.

لە كاتێكدا بەگوێرەی دەستوور هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام حكوومەتی عێراق لە سیاسەتی نەختینەدا بە دووفاقی مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات، بانكەكانی سەر بە دەوڵەت رێ نادەن خەڵكی كوردستان لە قەرز و پێشینە جۆراوجۆرەكان سوودمەند بن، بۆ ئەمەش پاساوی جیاواز دەهێننەوە، تەنانەت بانكە ئەهلییەكانیش كە لە بەغدا خۆیان تۆمار دەكەن بەمەبەستی كاركردن لە عێراق، رێیان نادەن قەرز بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بدەن.

بانكی رافیدەین كە یەكێكە لە بانكە سەرەكییەكانی عێراقی و سەر بە بانكی ناوەندییە، بە بەردەوام قەرز و پێشبینەی جۆراوجۆر بە فەرمانبەران و هاووڵاتییانی عێراقی دەدات، ئێستەش ئەو بانكە 19 جۆر قەرز و پێشبینە دەدات، بەڵام هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
 محەمەد شەمەری گوتەبێژی بانكی رافیدەین بۆ "وشە" باس لە گرەنتی وەرگرتنەوەی ئەو قەرز و پێشینانە دەكات كە ئەگەر لە كوردستان بیدەن بە فەرمانبەران و هاووڵاتییان. ئەو دەڵێ، هیچ گرەنتییەك نییە پارەكە وەربگرینەوە، ئەمەش هۆكارە لەوەی خزمەتگوزارییەكانمان كوردستان ناگرێتەوە.

شەمەری رەتی دەكاتەوە ئەو پرسە پێوەندی بە ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت. گوتی "ئەو پرۆسەیە ئەگەر لە كوردستان جێبەجێی بكەین، زۆر ماندوومان دەكات تا قەرزەكان وەربگرینەوە، بۆیە دڵنیا بن لەوەی ئەو پرسە هیچ پێوەندی بە ململانێ سیاسییەكانەوە نییە".

ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، باس لەوە دەكات كە لەسەر ئەو پرسە قسەیان لەگەڵ بانكی رافیدەین كردووە، ئەوان داوای گرەنتییان كردووە لە پێدانی قەرز. گوتی "گرەنتییەكە ئەوەیە ئەگەر كەسێك پارە لە بانكەكە قەرز بكات و دواتر نەیداتەوە، دەبێت گرەنتی هەبێت بۆ وەرگرتنەوەی".

ئەحمەدی حاجی رەشید ئاشكرای كرد كە چەند بەڵگەنامەیەكی لە بەردەستدایە پێوەند بەو پرسە لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچووندایە لەسەری. گوتی "پێویستە لە دیوە ئابوورییەكەش پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا باش بكرێ بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش سوودمەند بن لەو قەرزانە، بۆیە تۆپەكە لە گۆڕەپانی هەرێمی كوردستانە كە دەبێ ئەوە بكات".

جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باس تێكچوونی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دەكات بەتایبەت دوای هاتنی داعش و بڕینی بودجەی كوردستان. هێمای بۆ ئەوە كرد كە راكێشانی پارەی بانكی رافیدەین لە كوردستان هەڵەیەك بووە هەرێمی كوردستان ئەوكات ئەنجامی دا بێ گەڕانەوە و وەرگرتنی رەزامەندی بانكی ناوەندی، ئەمەش بووەتە پەرچەكردارێك لەلایەن بانكی ناوەندی و لقی كوردستان ناكاتەوە.

زیاتر گوتی "ئێمە داوامان لە بانكەكە كردووە، ئەوانیش داوای گەڕانەوەی پارەكەیان دەكەن و بەڵێنی ئەوەیشیان داوە لقێكی گەورەتریش لە كوردستان بكەنەوە، كەواتە تۆپەكە لە گۆڕەپانی كوردستانە".

بانكی رافیدەین قەرز و پێشینە بۆ پڕۆژەی بچووك، قەرزی بازرگانی و گەشتیاری، قەرزی دادوەری، قەرزی یەكەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان، قەرزی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەسمایە، قەرزی كۆمەككردن بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی قوتابیان و مامۆستایان، قەرزی بەكارخستن بۆ خاوەن زانكۆ و قوتابخانەكان، قەرزی بنیادنانی باخچەی ساوایانی تایبەت، قەرزی بەكارخستن بۆ خاوەن هوتێلە گەشتیارییەكان، قەرزی كڕینی ئۆتۆمبێل، قەرز بۆ پزیشكان و دەرمانسازەكان و پزیشكانی ڤێتێرنەری، قەرزی نیشتەجێبوون بۆ ئەو هاووڵاتییانەی ویستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ ناوچە ئازادكراوەكان، قەرزی نیشتەجێبوون كە بڕەكەی 50 ملیۆن دینارە بۆ خانووی 200 مەتری، قەرزی خانەنشینی، قەرزی فەرمانبەران كە پێوەندارە بە ماستەر كارد، قەرزی ئاسانكاری بانكی، قەرزی پڕۆژە بەرهەمدارەكان، قەرز بۆ خاوەن تاقیگە و كۆگاكانی پزیشكی، قەرز بۆ وزەی نوێ – وزەی تیشكی رۆژ، خەرج دەكات.

لەبارەی كردنەوەی لقی بانكی رافیدەین لە كوردستان و پێدانی قەرز بە هاووڵاتییانی كوردستان، محەمەد شەمەڕی گوتەبێژی بانكی رافیدەین دەڵێ، كردنەوەی لقی بانكی پرسێكی سیاسییە و پێوەندارە بە سیاسەتی بانكەكە كە هێشتا قسەی لەسەر نەكراوە، گوتی "هەوڵ دەدەین لق بكەینەوە".

دكتۆر ئیدریس رەمەزان كۆچەر پسپۆڕی ئابووری روونی دەكاتەوە كە هاتنی هەر دینارێك بۆ بازاڕی كوردستان، جموجووڵی ئابووری دروست دەكات و ئەمەش سوود بە كوردستان دەگەیەنێت، بەڵام لە سیاسەتی نەختینەدا لە نێوان كوردستان و عێراق كێشەی جۆراوجۆر هەن كە دەبێ چارەسەر بكرێن، ئەمەش وای كردووە نەك تەنیا بانكی رافیدەین، بەڵكو بانكەكانی تریش قەرز بە خەڵكی كوردستان نادەن، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە رەخنەی ئەوەش لە حكوومەتی عێراقی دەگرێت كە لەو پرسەدا وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات نەك بەشێك لە عێراق، بۆیە بێبەشی دەكات. گوتی "پێویستە حكوومەتی نوێ لەمەشدا پێوەندییەكان لەگەڵ عێراق چاك بكاتەوە، چونكە هاتنی ئەو قەرزانە لەو هەموو سێكتەرانە كاریگەرییەكی ئەرێنی زۆر دەخاتە سەر كوردستان و بارگرانییەكی زۆریش لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەگرێت كە ناتوانێ ئەو قەرز و پێشینانە بە هاووڵاتییانی كوردستانی بدات".



وشە - فه‌رمان سادق