عەلی باپیر دەیەوێ‌ پێش بە پڕۆژەی ئەندامە دەست لەكاركێشاوەكانی كۆمەڵ بگرێتەوە

:: AM:09:28:17/06/2019 ‌

هەوڵ بۆ جیاكردنەوەی فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەیە


 

ڕۆژ بە ڕۆژ كێشەكانی ناو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئاڵۆزتر دەبێت، عەلی باپیر ئەمیری حزبەکە بە تەواوی وازی لە هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامە تۆراوەكان هێناوە، ئێستە جیا لە كێشەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی كۆمەڵ، قسەیەكی تری ئەمیر ناڕەزاییەكانی قووڵتر كردەوە.

 

لەماوەی ڕابردوو بە دەیان كادر و لایەنگری كۆمەڵی ئیسلامی لە مەڵبەندی هەولێر و سۆرانی ئەو حزبە وازهێنانیان ڕاگەیاند كە بەشێك لەوانە ئەندامی سەركردایەتی و پێوەندییەكانی كۆمەڵ بوون، هەرچەندە تا ئێستە ئەو تۆراوانەی ناو كۆمەڵ ئاشكرایان نەكردووە پلان و بەرنامەیان چییە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان دەیانەوێ‌ پڕۆژەیەكی تری حزبی لە دەرەوەی كاری ئیسلامی رابگەیەنن، ئەوەیش هۆكار بوو بۆ ئەوەی لە یادی دامەزراندنی كۆمەڵ عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵ ئاماژە بە لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی لەناوی كۆمەڵ بدات.


قسەكەی باپیر ناڕەزایی لەناو كۆمەڵ لێ كەوتەوە، وەك ئەوەی سەرچاوەیەك بە "وشە"ی گوت، لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی ئەوەندەی بووە هۆكاری قووڵبوونەوەی كێشەكان، نیوهێندە نەبووە هۆی چارەسەر، تەنانەت بەشێك لەو سەركردانەی ئێستە لەناو كۆمەڵ ماونەتەوە، پێیان وابووە عەلی باپیر دەیەوێ‌ لە پڕۆژەی ئەو كەسانە بدات كە وازیان لە كۆمەڵ هێناوە.


ئێستە جیا لە جیابوونەوەی سەركردایەتی و ئەندامانی تری ئەو حزبە، ئەو گرووپەی وازیان هێناوە كار لەسەر جیاكردنەوەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی سەر بەكۆمەڵ دەكەن، لە یەكەم هەنگاویشدا عەباس محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وازهێنانی لە حزبەكەی ڕاگەیاند.


بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكەی ناو كۆمەڵ، چەند ئەندامێكی تری ئەنجوومەن و پەرلەمان لە كۆمەڵ بەرنامەی جیابوونەوەیان هەبووە، بەڵام ئێستە بێدەنگییان هەڵبژاردووە و چاوەڕێی كاری داهاتووی گرووپە جیابووەوەكە دەكەن.


لای خۆیەوە عەباس محەمەد ئەندامی دەست لەكاركێشاوەی كۆمەڵی ئیسلامی، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، دوای ئەوەی دەست لەكاركێشانەوەی خۆم لە كۆمەڵ راگەیاند، ئێستە سەربەخۆیانە مامەڵە دەكەم لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر.


زیاتر گوتی، لەگەڵ ئەو كەسانەی جیا بوونەتەوە لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەشێوەیەكی نوێ سیاسەت دەكەین، چونكە ئەوەی ئێستە هەیە لە كوردستان سیمایەكی ناشیرینی سیاسەتكردنە، بۆیە ناكرێ هەمان مۆدێل پێشكەش بكەین.

ئەو دەڵێت "بیرۆكەی زۆرمان هەیە و دەمانەوێ كاری جیاواز بكەین".


ئەو ئەندامە دەست لەكاركێشاوەی كۆمەڵی ئیسلامی دروستكردنی حزبێكی نوێ‌ بە ئەستەم نازانێ‌ و پێی وایە، دەبێت هەموو ئەگەرەكان لە بەرچاو بگیرێت، چونكە ژینگەی ناوچەكە و باردۆخە سیاسییەكان كاریگەری هەیە لەسەر هەر كارێكی نوێ.

هاوكات چنار جەلال ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی كۆمەڵ ڕەتی كردەوە كە هێشتا وازی لە كۆمەڵ هێنابێت و ڕوونی كردەوە، ئێستە فراكسیۆنێكی جیاواز لە ئەنجوومەن هەیە كە ئەندامێكی پێشووی كۆمەڵە، بەڵام ئەوە مانای هەموو فراكسیۆنەكە ناگەیەنێ.


"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر كێشەكانی ناو كۆمەڵ، پێوەندی بەچەند بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێك بدەن.


وشە/بەدواداچوونی سەرخێڵ و زریان



وشە - وشه‌