هاوكاری ئاواره‌كانی سه‌ر چیای شنگال و كه‌مپه‌كانی خازر و دیبه‌گه‌ ده‌كرێت

:: AM:11:05:10/01/2017 ‌
بارودۆخی ئاواره‌كان لەسەر چیای شەنگال و كه‌مپه‌كانی خازر و دیبه‌گه‌ به‌هۆی سەرمای لە رادەبەدەرەوە خراپە و پێویستییان بە هاوکاری جۆراوجۆر هەیە تا بتوان درێژە بەژیانی خۆیان بدەن، بۆیه‌ هاوكاریی ده‌كرێن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 10ی کانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2017، بەمەبەستی هاوکاری ئازیزانی سەرچیای شەنگال ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی بە پشتیوانی IGFM پێڵاو و جلوبەرگی بۆ 286 منداڵ دابینکرد، جێگای ئاماژەیە بەشێکی هاوکارییەکان لە بۆرک و دهۆلا و سەنتەری قەزای شەنگال دابەشکران. لە وەرزی زستاندا جل و بەرگ و پێڵاو و نەوت و سۆبە لە پێداویستییە هەرگرنگەکانی ئاوارەکانە و لەو راستایەشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکارییەکانی خۆی بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان هەمەلایەنەتر کردووە و چڕوپڕتر بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پێداویستی بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان.

هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی و (بیچ الأمل)ی عێراقی بەتانی و جلوبەرگی ئافرەتان و منداڵانیان بۆ 95 خێزانی ئاوارەی کەمپی خازر دابینکردن.

ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی لەچەندین هەڵمەتی جیاجیادا بە پشتیوانی کۆمەڵێک خێرخواز و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و رێکخراوەکانی UNHCR و IVY هاوکاری جۆراوجۆری پێشکەشی هەزاران ئاوارەی کەمپەکانی دیبەگە کرد و شوێن و جێگای مانەوەی بۆ 14 خێزان دابینکرد.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بە هەماهەنگی UNHCR نەوتی بۆ 636 خێزان و پێداویستییەکانی دۆشەک و بەتانی بۆ 64 خێزان و 55 ئاوارەی کەمپەکانی دیبەگە دابینکرد، هەر لەهەمان رۆژدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق خاولی و پێداویستی و حەسیری بۆ 1478 خێزان دابینکرد کە لەلایەن تیمەکانی ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانییەوە بەسەر ئاوارەکاندا دابەشکرا.

جێگای ئاماژەیە کۆمەڵێک گەنجی خێرخواز لە کەمپەکانی دیبەگە بە سەرپەرشتی موزەفەر سەرتاش  لە هەڵمەتێکی خێرخوازییدا سەری 387 کەسیان چاککرد، هەر لە درێژەی چالاکیەکانی ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی لە رۆژی دووشەمەدا بە پشتیوای خێرخوازێک خواردنەوەی گازی بۆ 1464 خێزان دابینکرا.






وشە - موحسین شابان