هۆشداری بە شوفێران دەدرێت.. كامێرای چاودێری زیاد كراوە

:: AM:11:08:17/06/2019 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای كرد, لە بەشی سێیەمی شەقامی 120 مەتری هەولێر زۆرترین كامێرای هاتوچۆی تێدا دانراوە بۆ تۆماركردنی خێرایی ئۆتۆمبێل بۆیە پێویستە شوفێران ئاگەداربن.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی حوزەیران، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەرجەم ئەو دەنگۆییانە ڕەتدەكەینەوە كە باس لە نەبوونی كامێرای چاودێری لە بەشی سێیەمی شەقامی 120 مەتری هەولێر دەكرێت.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتی، زۆرترین كامێرای چاودێری هاتوچۆ بۆ تۆماركردنی خێرایی لە بەشی سێیەمی شەقامی 120 مەتری دانراوە و پێویستە شوفێران ئاگەداربن.

ڕوونی كردەوە، بۆ ئەوەی شوفێران دڵنیابن شەقامەكە لەژێر چاودێری كامێرای هاتوچۆدایە تەنها لە نێوان شەقامی كۆیە بۆ شەقامی بنەسڵاوە دوو كامێرای چاودێری هەیە یەكێكیان لەژێر پردی پەڕینەوەی هاووڵاتییان و یەكێكیشیان بەر لەگەیشتن بە شەقامی بنەسڵاوە.

باسی لەوەشكرد، خێراییەكان دیاری كراون بۆیە پێویستە شوفێران پێیەوە پاپەندبن بۆ ئەوەی لە رووداوی هاتوچۆ دووربن.

شەقامی 1200 مەتری هەولێر یەكێكە لە شەقامە گرنگەكان و هاتوچۆیەكی زۆری تێدا دەكرێت و لە پێش جەژن بەشی سێیەمی ئەو شەقامە كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد