ئەمڕۆ دووشەم 17ی حوزەیران، ناوەندێكی ئەمەریكی ریزبەندی وڵاتانی لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان و قەرزداری راگەیاند، بەگوێرەی ریزبەندییەكەش بێت ژاپۆن پێشەنگە و یۆنان لە پلەی دووەم دێت و عێراقیش لە ریزی 10هەمین وڵاتانی قەرزدارە.
ماڵپەڕی "
World Population Review"ی ئەمەریكی كە ماڵپەڕێكی تایبەتمەندە بە ژمارەی دانیشتووان، لیستی قەرزدارترین وڵاتانی دنیای لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بۆ ساڵی 2019 راگەیاند، كە پێوەری سەرەكی پشتی بەستووە بە كۆی بەرهەمی ناوخۆ.
بەپێی ریزبەندییەكە بێت ئەوا ژاپۆن كە ژمارەی دانیشتووانی 127 ملیۆن و 185 هەزار و 322 كەسە، لە پلەی یەكەمی قەرزدارترین وڵاتی دنیا دێت كە قەرزی نیشتمانی ژاپۆنی گەیشتووەتە 235.96%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەگەرچی ئابووری ژاپۆن لە ئاستی دنیادا لە پلەی سێیەم دێت دوای ئەمەریكا و چین، بەڵام بەگوێرەی ئامارەكان ئابووری ئەو وڵاتە زۆر بەهێواشی لە گەشەسەندن دایە و ئەمەش وایكردووە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە بەهای سووی كەم جێبەجێ بكات بە ئامانجی گەشەسەندنی ئاستی گەشەپێدان.
لە پلەی دووەمی ریزبەندییەكەدا وڵاتی یۆنان دێت، ئەو وڵاتەی دوای تەنگژە ئابوورییەكەی 2008 تا ئێستە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە سەر رێچكەی ئاسایی، ئەگەرچی وڵاتانی ئەوروپا زۆر یارمەتی و كۆمەكیان كرد و لە 10 ساڵی رابردووشدا چاكسازییەكی توندی ئابووری دەست پێ كردووە و كەمێك دۆخی ئابوورییەكەی باشتر بووە و لە مەترسی داڕمان رزگاری بووە.
یۆنان ژمارەی دانیشتووانی 11 ملیۆن و 124 هەزار و 603 كەسە، قەرزی نیشتمانی گەیشتووەتە 191.27%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆ، بەمەش دەبێتە گەورەترین رێژەی قەرزی نیشتمانی تۆمار كرد وەك وڵاتێك لە چوارچێوەی یەكێتیی ئەوروپا و دراوی یۆرۆ.
سوودان لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەكە دێت و قەرزی نیشتمانییەكەی گەیشتووەتە 176.02%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام ڤەنزوێلا خاوەن گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانی كە ژمارەی دانیشتووانی 32 ملیۆن و 779 هەزار و 868 كەسە، زیاتر لە سێ ساڵە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە و مەترسیداری ئابووری بووەتەوە، ئەمەش وایكرد ئابووری ئەو وڵاتە بە تەواوەتی پەكی بكەوێت و بێتە ریزبەندی چوارەمین وڵاتی قەرزدار كە بڕی قەرزەكەی 161.99%ی كۆی داهاتی نیشتمانییە.
لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییەكەدا لبنان دێت، ئەو وڵاتە عەرەبییە كە ژمارەی دانیشتووانی شەش ملیۆن و 65 هەزار و 922 كەسە، بڕی قەرزی نیشتمانی گەیشتووەتە 160.57% لە كۆی بەرهەمی ناوخۆ.
عێراق ئەگەرچی سێیەم هەناردەكاری نەوتە لە جیهان و رۆژانە نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەڵام بەهۆی شەڕی سێ ساڵەی دژ بە داعش و رۆچوونی لە گەندەڵی كە هەمیشە لە پۆلێنی گەندەڵترین وڵاتانی دنیا، لە پلە پێشەنگەكان دایە، لێرە لە ریزبەندی وڵاتانی قەرزدار دایە.
عێراق كە وڵاتێكی نەوتییە و رۆژانە داهاتی فرۆشی نەوتەكەی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وای كردووە كۆی قەرزەكانی بگاتە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، بەپێی پۆللێنبەندی ماڵپەڕە ئەمەریكییەكەش بێت ئەوا قەرزی عێراق بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی كە 38 ملیۆنی تێپەڕ كردووە لەسەر بنەمای كۆی داهاتی ناوخۆ، بڕەكەی گەیشتووەتە 54.44%.