هواوی 30 ملیار دۆلار زەرەرمەند بووە

:: AM:11:50:17/06/2019 ‌
دواجار كۆمپانیای هواوی بۆ تەكنەلۆجیا دانی بەوەدانا بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا 30 ملیار دۆلار زیانیان كردووە. دامەزرێنەری كۆمپانیایەكە دەڵێ، هەوڵەكانی ئەمەریكا نامان وەستێنێت.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی حوزەیران، كۆمپانیای هواوی بە فەرمی دانی بە زیانەكان دانا كە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكاوە بەر كۆمپانیایەكە كەوتووە، دامەزرێنەری كۆمپانیایەكە دەڵێ، چاوەڕوان دەكرێت داهاتی دوو ساڵی داهاتوو لەوەی پێشبینی كراو بوو، بە بڕی 30 ملیار دۆلار كەم بكات.

 رەن چینگ فی دامەزرێنەری هواوی ئەوەشی خستەڕوو، توانای بەرهەمهێنان كەم دەكەینەوە، بەڵام هەوڵەكانی ئەمەریكا نامان وەستێنێت.

داننان بە زیانەكان لەلایەن هواوی لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە مانگێك دەبێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێكدا كۆمپانیای هواوی بۆ تەكنەلۆجیا كە یەكێكە لە مەزنترین كۆمپانیاكانی جیهانی بۆ تەكنەلۆجیا، لەگەڵ 60 كۆمپانیای تری تەكنەلۆجی چینی خستە لیستی رەش.
دوا بەدوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا، لە دوو كاتی جیاوازدا كۆمپانیای گوگڵ و كۆمپانیای فەیسبووك پابەندی خۆیان بە بڕیارەكە راگەیاند، گوگڵ رای گەیاند، چیتر سیستەمی ئەندرۆید بۆ بەرهەمەكانی هواوی دانابەزێنن، هاوكات فەیسبووكیش رای گەیاند، چیتر فەیسبووك و ئەپەكانی كۆمپانیاكەی لەسەر بەرهەمە نوێیەكانی هواوی دانەبەزێنن.

سزاكانی سەر هواوی بە گوێرەی راپۆرتێكی پێشتری گوگڵ لە داهاتووی دووردا زیانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دەبێت، بەڵام واشنتن پێی وایە بەردەوامی هواوی بەو ئاست و جوڵەیەی ئێستە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دروست كردووە.


وشە - فه‌رمان سادق