پێشمەرگەیەك بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا

:: PM:12:28:17/06/2019 ‌
لە سنووری راپەڕین پێشمەرگەیەك بە رووداوی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدات كە شوفێری ماتۆڕسكیل بووە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی حوزەیران، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە نزیك ناوچەی پیشەسازی حاجیاوا لەسەر شەقامی سەرەكی نێوان شارەدێی حاجیاوا و شارەدێی بێتواتە ڕووداوێكی هاتوچۆ ڕویدا لە نێوان ماتۆڕسكیلێك و ئۆتۆمبیلێكی جۆری فۆرد، لە ئەجامدا شۆفێری ماتۆڕسكیلەكە بەناوی (ع،ص ) لە ڕەگەزی نێر تەمەن ٢٨ ساڵ گیانی لە دەست دا.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، ئەو كەسەی گیانی لە دەست داوە پیشەی پێشمەرگەیە و دانیشتووی سەروچاوەی سەربە شارەدێی بێتواتەیە.

ڕوونی كردەوە، تەرمی پێشمەرگەكە گواسترایەوە بۆ پزیشكی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێكرای پزیشكی بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە. ڕێكاری یاسایی گیرایەبەر و مەلەفی لێكۆڵینەوە لەلایەن بنكەی پۆلیسی ماكۆك بۆ ڕووداوەكە كرایەوە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.

بەهۆی زۆربوونی ماتۆڕسكیل لە ڕۆژانی رابردوو چەندین هەڵمەتی دەستگرتن بەسەر ماتۆرسكیل دەستی پێ‌ كردووە و هۆشداری دەدرێت لە لێخوڕینی نایاسایی ئەو ماتۆڕانە بەهۆی خێرا لێخوڕین.



وشە - رامیار جەواد