تەرمی منداڵێک بە خنکاوی دۆزرایەوە

:: PM:01:07:17/06/2019 ‌


دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو لە شارۆکەی چۆمان منداڵێک خنکا و تەرمەکەشی بە ئاوداچوو، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە .

ئەمڕۆ دووشەم 17ی حوزەیران، عیماد رێکانی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، رۆژی هەینی خانەوادەیەکی دانیشتووی شارۆکەی چەمچەماڵ بە مەبەستی گەشت کردن روویان لە چۆمان و دەڤەری باڵەکایەتی کردبوو، منداڵێکی چوار ساڵانیان لە ئاودا خنکا و تەرمەکەشی ونبوو.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران دەڵێت، دوای هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی مەلەوانی چۆمان و سۆران سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، خۆشبەختانە ئەمڕۆ دووشەم، تەرمی منداڵەکە بە ناوی "ئارام هێمن ئیسماعیل" دۆزرایەوە و بە مەبەستی دڵنیابوون لە چۆنیەتی گیانلەدەستدانی تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد دەکرێت .

ماوەی چەند رۆژێکە مێرمنداڵێکی 10 ساڵانی بە رەگەز عەرەب دانیشتووی هەولێر لە ئاوی بێخاڵ لە رواندز خنکاوە و تەرمی ئەویش تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە .

دەڤەری سۆران بە هەرچوار شارۆکەیەوە خاوەن دەیان ناوچەی گەشتیاری گرنگ و ناسراون و رۆژانە بە تایبەت رۆژانی هەینی خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکات بەهۆی ناشارەزایی لە ئاوی رووبارەکان تووشی رووداوی نەخوازراو دەبنەوە.

چۆمان/ موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان