هه‌شت په‌ناخواز له‌ ئیجه‌ خنكان

:: PM:01:33:17/06/2019 ‌
له‌ كه‌ناراوه‌كانی توركیا، به‌له‌مێك نغرۆ بوو، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌شت په‌ناخواز بوونه‌ قوربانی و زیاتر له‌ 30 په‌ناخوازی تریش ڕزگاریان بوو.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ شاری به‌دۆرم له‌ باشووری ڕۆژئاوای توركیا، به‌له‌مێك نغرۆی ده‌ریا بوو، به‌هۆیه‌وه‌ مه‌ترسی كه‌وته‌ سه‌ر ژیانی سه‌رنشینه‌كانی و هه‌شت كه‌سیان كه‌وتنه‌ ده‌ریاوه‌ و خنكان، به‌ڵام تواندرا 31 كه‌س ڕزگار بكرێن.

پۆلیسی توركیا ڕای گه‌یاند، سه‌عات حه‌وت و 20 خووله‌ك به‌له‌مه‌كه‌ نغرۆ بووه‌، به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی ڕزگاربووه‌كان، 40 سه‌رنشینی تێدا بووه‌، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ دورگه‌ی "كۆس"ی یۆنانی، كه‌وتوونه‌ته‌ ناو ئاوه‌وه‌.

توركیا كه‌ نزیكی چوار ملیۆن په‌نابه‌ری له‌خۆ گرتووه‌ و زۆربه‌یان سوورین، به‌ وڵاتی په‌ڕینه‌وه‌ی په‌ناخوازان هه‌ژمار ده‌كرێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا، زۆربه‌شیان وێستگه‌ی دووه‌میان دوای ئه‌و وڵاته‌ یۆنانه‌ و به‌شێكیشان تا ئیتاڵیا ڕاناوه‌ستن.

ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌سه‌ر په‌نابه‌ران له‌ ساڵی 2016 له‌ نێوان توركیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا كرا، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی سنوورێكی زۆر توند و له‌ به‌رده‌م په‌ناخوازاندا دابرێت و ئه‌و به‌لێشاو ڕۆشتنه‌ی پێش ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ ته‌واوی كه‌م ببێته‌وه‌.

ساڵی 2015، ژماره‌ی په‌ناخوازان كه‌ له‌ ڕێی توركیاوه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ دورگه‌كانی یۆنان، 875 هه‌زار كه‌س بوون.



وشە - كوردۆ شابان